بۆچی نرخی نەوت لە دنیا دابەزی؟

:: PM:07:46:18/03/2023 ‌

كێشەكە ئەوجارەیان لای بەرهەمهێنەران و كەمیی بەرهەمی نەوتەوە نییە، هەروەها پرسەكە بەهۆی بوونی كێشە لە گەیشتنی نەوت بە بازاڕەكان نییە، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق باسی هۆكاری دابەزینی نرخی نەوت لە دنیا دەكات، دووپاتی كردەوە كە دابەزینەكە رێژەی كورتهێنان لە بودجەی عێراق زۆر زیاد دەكات.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، ئاماژەكانی بازاڕی نەوت لە دنیا بەو ئاراستەیەیە كە نرخەكەی روو لە دابەزینە، ئەوەش لەبەر دوو هۆكار، یەكەم/ بوونی داتەپینێكی گەورەی ئابووری لە وڵاتە پیشەسازییەكان و داڕمانی ژمارەیەك بانك، كە كاری كردووەتە سەر ئابووری وڵاتانی رۆژئاوا و كەمبوونەوەی تێكڕای گەشەكردنی ئابووری و داواكاری لەسەر نەوت، بەتایبەتی لە ئابووری وڵاتەكانی بەكارهێنەری وزە، ئەوەش كاری كردووەتە سەر كەمكردنەوەی خواست لەسەر نەوتی خاو. 

روونی كردەوە، دووەم/ رووسیا وەك لایەنێكی شەڕی ئۆكراینا لەگەڵ رۆژئاوا، ئێستە نەوتەكەی ئاراستەی بازاڕەكانی چین و هیندستان و ئاسیا كردووە و بە نرخی 20 دۆلار كەمتر لە نرخی بازاڕ دەیفرۆشێت، كە ئەوەش جۆرێكە لە شەڕی رانەگەندراوی نرخەكان، بۆیە ئەو دوو هۆكارە بوونەتە هۆی كەڵەكەبوونی نەوت و بووەتە هۆی كەمبوونەوەی نرخی نەوت، ئاشكرای كرد كە ئەگەری هەیە نرخی نەوت لە ماوەی ئەمساڵ وەك ناوەند بۆ 60 تا 65 دۆلار بۆ بەرمیلێك داببەزێت، رەنگە ئەوەش وا بكات گرووپی "ئۆپێك پڵەس"، ناچاری كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان ببن بۆ پارێزگاریكردن لە نرخی نەوت.

لەبارەی كاریگەریی دابەزینی نرخی نەوت لەسەر بودجەی عێراق گوتی، لە بودجەكە نرخی نەوت بە 70 دۆلار دیاری كراوە، بۆیە دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕ دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی كورتهێنان، كە ئێستە 63 ترلیۆن دینارە، كە رەنگە هەشت بۆ 16 ترلیۆن دیناری تری بۆ زیاد ببێت، بەتایبەتی ئەگەر خەرجییەكان كەم نەكرێتەوە و نرخی نەوتیش لەنێوان 60 بۆ 65 دۆلار بێت.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل