فرۆشتنی دۆلار زیاد كرا و نرخەكەی هەرزان دەبێت

:: PM:01:32:01/04/2023 ‌
راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای دەگەیەنێت، ڕۆژانە فرۆشتنی دۆلار زیاد كراوە و كار بۆ دابەزاندنی نرخەكەی دەكرێ‌.

ئەمڕۆ شەموو یەكی نیسان، محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری دارایی و ئابووری سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاندووە، ئاڵوگۆڕی دراوە بیانییەكان لە قۆناغی بووژانەوە لەگەڵ مەرجە نوێیەكانی پابەندبوون بە بڕیاری دینار بەرانبەر دۆلار دەرچووە، ئەو بڕیارانەشی لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردووەوە جێبەجێ كراون، كاریگەری دەبێت.

باسی لەوەش كردووە، بانكی ناوەندی دەستی كردووە بەزیادكردنی فرۆشتنی دۆلار، ئەوەیش لەو رێژەیە زیاترە كە پێشتر دەفرۆشرا.

روونی كردووەتەوە، بانكی ناوەندی كار بۆ ئەوە دەكات فرۆشتنی دراوی بیانی رۆژانە بكاتە 200 ملیۆن، ئەوەیش تا ئاستێك جێگیر بووە، هەروەها ئەو سیاسەتە پاڵپشتی دەكرێ‌ لەلایەن بانكی نێودەڵەتییەوە.

بەگوتەی ئەو راوێژكارەی سوودانی، دابەزینی نرخی دۆلار رۆژانە روو دەدات تا دەگات بەو نرخەی كە پێویستە، ئێستە رۆژانە ئەوە روو دەدات كە دابەزینە بۆ نرخی راستەقینەی خۆی.

دوو مانگ پێش ئێستە لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراق، بڕیار دەرچوو كە بەهای 100 دۆلار بەرانبەر 131 هەزار دینار مامەڵەی پێوە بكرێ‌، ئێستەیش ئەو نرخە زۆر زیاترە و چەندان رێكاریش گیراوەتەبەر بۆ ئەوەی دۆلار بگاتە ئەو نرخەی كە بانكی ناوەنی عێراق دیاری كردووە.



وشە - رامیار جەواد