"تەنیا لە ماوەی هەفتەیەكدا توانی دۆخەكە پێچەوانە بكاتەوە و كێشەكە چارەسەر بكات"

:: PM:10:40:01/04/2023 ‌

 


لە كاتی كێشە و گرفت و هێرشی دوژمن و نەیاران بۆ سەر قەوارەی هەرێم، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت بەرانبەر تەحەدیاتەكان وەستاوەتەوە ئەو هەمیشە سەركەوتو بووە، دوای ئەو هێرشانەی رابردوو جارێكی تر توانی كێشەكان چارەسەر بكا و دەستكەوت بۆ كوردستان بەدەست بێنێت.

لەوبارەوە سەعید هەركی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بۆچی هەمیشە پارتی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمان دەباتەوە و لە پەرلەمانی عێراقیش هەر زۆرینەیە، ئێستە خەڵك تێگەیشتوون و بیر لە هەموو شتێك دەكەنەوە، خەڵك حزب و لایەن و كەسێكیان دەوێ كە پشتیان تێ نەكات، بەرگرییان لێ بكا و دوای مافەكانیان بكەوێت و خزمەتیان بكات و لە تەنگانە بەجێیان نەهێڵێت، بەرگری لە خاك و ئاو و ئاڵاكەیان بكات، ئەمە هۆكاری ئەوەیە پارتی لە مانەوە و فراوانبوون بەردەوامە.
نموونەی سەرۆكی حكوومەت و خزمەتكردن و قوربانیدان و گرنگیدانە بە وڵات و خەڵك بەبێ جیاوازی
هەروەها گوتی، لە چەند رۆژی رابردوودا زۆرێك دەستیان بە چەپڵە و دەهۆڵكوتین دژی هەرێم و حكوومەت كرد بەوەی نەوتەكە وای لێ دێت و نامێنێت، هەمووان پشتیان لە حكوومەت و سەرۆكی حكوومەت كرد، بەوانەشەوە كە لە حكوومەت بوون، بەڵام بینیان كە تەنیا لە ماوەی هەفتەیەكدا چۆن سەرۆكی حكوومەت توانی بابەتەكە پێچەوانە بكاتەوە و چارەسەری كێشەكە بكا و سەركەوتوو بێت و دەستكەوی باشیش بێنێت بۆ خەڵكی هەرێم، بەراستی ئەمە نموونەی سەرۆكی حكوومەت و خزمەتكردن و قوربانیدان و گرنگیدانە بە وڵات و خەڵكی خۆی بەبێ جیاوازی.

"پارتی هێزی سەرەكی كوردستانە، كە خۆی بە خاوەنی راستەقینەی كوردستان و خەڵكی كوردستان دەزانیت، سات بە سات قوربانی دەدات بۆ ئەوەی مافە رەواكانی گەلی كورد بەرجەستە بكات، زۆرێكیش هەر خەریكی كلكە كوتەن بۆ دوژمنانی گەل و وڵات، ئەوانە كاتیك كێشە و گرفتێك بۆ هەرێم دیتە پێش، خۆیان دوورەپەرێز دەگرن و هەوڵ دەدەن كێشە و گرفتەكان بەرێی ئاغایەكانیان زیاتر گەورە بكەن، بەڵام دڵنیابن كە ئەم جورە هەڵوێستە نامەردانەتان بۆ ناچێتە سەر و ئیتر چاوەڕوانی ئەوە نەكەن"، سەعید هەركی وای گوت.

پێوەست بەو بابەتە محەمەد سەعدەدین، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی گەشەپێدانی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەم كابینەی ئێستە زۆر كێشە و گرفتی بەسەردا هاتووە، دواجار زۆر سەركەوتووانە و بە كاركردن و بەرنامە و پلانی سەرۆكی حكوومەت توانی سەركەوتووبێت، زۆر كێشە رووبەڕووی ئەم حكوومەتە بووەوە، سەرەتای دەستبەكاربوونی نەخۆشی كۆرۆنا، دواتر دابەزینی نرخی نەوت، دوای ئەوە بڕینی بودجە و دروستكردنی كێشە و دژایەتییەكانی سەر حكوومەت، بەڵام دواجار زاڵبوون بەسەر هەمووان و كاری زۆر گەورە كرا و توانرا خزمەتی خەڵك بكات.

باسی لەوەش كرد، كابینەی ئێستە زۆر بە لێزانانە و بە كاركردنی حەكیمانەی سەرۆكی حكوومەت، توانی پڕۆژە و خزمەتگوزاری زۆر باش بكات و كارە كارگێڕی و ئابوورییەكان رێك بخات و مووچەی فەرمانبەران بدات، لەوكاتەی لەو كاتە سەختانەدا هەمووان بە تەنیا حكوومەتیان جێ هێشت، لەگەڵ ئەوەشدا پێوەندییە دیبلۆماسییەكانی لەگەڵ وڵاتانی دراسێ و دەرەوە زۆر فراوان كردن.

"لەو چەند رۆژەی رابردوو بابەتی نەوتی هەرێم هاتە ئاراوە، جارێكی تر هەمووان پشتیان لە حكوومەت كرد و سەرۆكی حكوومەت بەتەنیا مایەوە، بەڵام ئەوجارەش وا دووبارە كێشەكە بەرەو چارەسەر دەڕوات، دووبارە سەرۆكی حكوومەت ئەوەی بۆ هەمووان سەلماند كە ئەگەر بەتەنیا خۆشی مابێتەوە، پشت لە خەڵك ناكا و لە خزمەتكردن و بەرگریكردن لە مافی هاووڵاتییان بەردەوام دەبێت، سەرۆكی حكوومەت ئیرادەیەكی بەهێزی هەیە و دەیەوێ ئیدارەیەكی باش بكات، ئەو بەتەنیا مانەوەی سەرۆكی حكوومەت وای كرد لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە پێگەی زیاتر بەهێز بكات، هێزەكانی تریش با باش بزانن كە هەردەم حكوومەت بەسەر كێشەكان زاڵ دەبێت"، محەمەد سەعدەدین وا دەڵێت.

لای خۆیەوە كاروان كەریم، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، لە چەند رۆژی رابردوو هەر كە پرسی نەوت هاتە ئاراوە، ئەوانەی مەیلی دژایەتییان بۆ كوردستان هەیە دڵیان زۆر خۆشبوو، بەڵام سەرۆكی حكوومەت تویتێكی كرد و پێی راگەیاندن كە ئەوانەی ئێستە لەگەڵمان نین ناتوانن لە دەستكەوتەكان بەشدار بن، ئەو قسەی سەرۆكی حكوومەت كۆن نەبوو ئامانجەكەی خۆی پێكا و توانی زۆر بەباشی بەرانبەر بە دوژمنان و هێرش و دژایەتی و نەیاران بێتەوە و ئەوە بكات كە خەڵك چاوەڕێی لێ دەكرد.

وشە/ تایبەت

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل