سوود و مانای دانانی داهات لە یەك حیسابی بانكی چییە؟

:: PM:09:33:23/05/2023 ‌

پرۆفیسۆرێكی بواری ئابووری رای دەگەیەنێت كە كردنەوەی یەك حیسابی بانكی بۆ داهاتی هەرێمی كوردستان شەفافیەت لە خەرجی و داهات دروست دەكات، هەروەها بۆمان دەردەكەوێت كە چ بوارێك داهاتی بەهێزترە و دەتوانرێت زیاتر گرنگی پێ بدرێت و پێش بخرێت و سەرچاوەی داهاتی زیاتر بێت، دووپاتی كردەوە كە ئەو هەنگاوە دادپەروەری دروست دەكات.

د.خالید حەیدەر، پرۆفیسۆر لە بواری ئابووری بە "وشە"ی راگەیاند، دیاریكردنی یەك حیسابی بانكی بۆ داهاتی هەرێمی كوردستان ئەنجامێكی زۆر ئەرێنی دەبێت، لەبەر ئەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتی و تەواوی داهاتەكانی تر بخرێتە سەر یەك حیساب، واتە شەفافبوون لە داهاتی گشتی هەرێم و دەردەكەوێت كە ئەو مانگە داهات چەند بووە، جیاوازییەكانی دیار دەكەون كە هەرێم چەندی دەست دەكەوێت و شەفافیەت دەسەلمێنێت، داهاتی حكوومەتیش ئاشكرا دەبێت و بۆ هاووڵاتییانیش روون دەبێت كە پشكی لە خەرجییە گشتییەكانی ئاو و كارەبا چەند دەبێت.

باسی لەوە كرد، ئەو حیسابە بانكییە پشكی هەموو كەرتەكان دەردەخات، هەروەها ئەوەشمان بۆ ئاشكرا دەكات كە خاڵە لاوازەكانی ئابووری هەرێم چین و خەرجییەكان چەندە، هەروەها بۆمان دەردەكەوێت كە چ بوارێك داهاتی بەهێزترە و دەتوانرێت زیاتر گرنگی بەو كەرتە بدرێت و پێش بخرێت، بەوەش سەرچاوەی داهات زیاتر بێت، كە بۆمان دەركەوت داهات لە ناوچەكان چەندە، ئەوەشمان بۆ دەردەكەوێت كە كام ناوچە زیاتر بەشداری لە پەیداكردنی داهات دەكات.

ئەو شارەزایە ئابوورییە روونی كردەوە، هەروەها چۆنیەتی دابەشكردنەوەی داهاتەكە زۆر گرنگە و چۆن خەرج بكرێت، لە كۆتایی ساڵ دەردەكەوێت كە حكوومەت چەند پارەی خەرج كردووە و لە بەرانبەردا چەند داهاتی هەبووە، بۆیە ئەگەر سەرجەم سەرچاوەكانی داهات تۆمار بكرێت و داهات بە شەفافی داخیل بكرێت، ئەوكات دەردەكەوێت كە كەمتەرخەمی لەكوێیە و هەوڵ بدرێت رێگری لێ بكرێت، چونكە ئەمە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە، هەروەها هەوڵدان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری بۆ هەموو ناوچەكان لە رووی خەرجی و داهاتەوە.

لای خۆیەوە محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی گوت، ئەو كێشانەی كە لە داهاتی خاڵە سنوورییەكان و دواكەوتنی دابەشكردنی مووچە و نەمانی سیولە لە بانكەكان روویان دەدا، ئەو سیستمی یەك حیسابی بانكییە كۆتایی بە هەموو ئەو گرفتانە دێنێت و چیتر روو نادەنەوە، بەو هەنگاوە داهاتی هەرێمی كوردستان هەمووی لە یەك حیسابی بانكی دەبێت، رەنگە كەسیش نەتوانێت بەكاری بێنێت و بتوانێت تەحەكومی پێوە بكات، وەك ئەوەی پێشتر داهات لە ناوچەیەك بووبووە گرفتی گەورە و دەستكاری دەكرا و بەكار دەهێنرا و كورتهێنان هەبوو و مووچە دوا دەكەوت و پارە دیار نەدەما.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، ئێستە بەو بڕیارەی سەرۆكی حكوومەت كۆكردنەوە و دابەشكردنی داهات مەركەزی دەبێت، دوای ئەوەی پڕۆژەی چاكسازی لە كابینەی نۆ جێبەجێ كرا و سیستمێكی باشی دارایی رێك خرا، ئەم هەنگاوە كۆتایی بە تەواوی گرفتی داهات و كۆكردنەوە و دابەشكردنەوەی هێنا و بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان زۆر گرنگ دەبێت، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی دادپەروەرانە داهات و خەرجییەكان مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت و بتوانرێت جگە لە زامنكردنی مووچە بۆ هەموو ناوچەكان، لە سێكتەری تەندروستی و ریگەوبان و كارەبا و شارەوانی و ئاوەدانكردنەوە و پڕۆژە و خزمەتگوزاری لە خزمەتی هاووڵاتییان بەكار بهێنرێت.

پێوەست بەو بابەتە ئارا جەمیل، مامۆستا بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوو گرفتی كۆكردنەوەی داهاتی هەبوو، بینیمان چۆن مانگانە گرفت دروست دەبوو، سەرئەنجام فەرمانبەران زیانمەندی یەكەم بوون، كاتێك پارە لە بانكەكان نەبوو، ئەو بڕیارە یان ئەو یەك حیسابییە، كۆتایی بە هەموو گرفت و كێشەكانی كۆكردنەوەی داهات دێنێت، جگە لەوەی بەڕوونی داهاتی هەرێم دەردەچێت كە مانگانە و ساڵانە چەند بووە و چۆن خەرج كراوە، لە هەمانكاتدا شەفافیەتی زۆر باشە، چونكە تەواوی داهات موڵكی گشتییە و هی هیچ لایەنێك نییە و دەبێت لە خزمەت كوردستان و هاووڵاتییان بەكار بهێنرێت.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل