عێراق بەنیازە بۆری نەوتی سعوودیە و ئوردن و سووریا كارا بكاتەوە

:: PM:05:12:24/05/2023 ‌

ئێستە هەناردنی نزیكەی 500 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی كوردستان و كەركووك لە رێگەی توركیا وەستاوە، عێراق پێشتر جگە لە توركیا، بۆری نەوتی بەرەو سووریا و سعوودیە هەبوو، بەڵام بەهۆی شەڕ و جیاوازیی هەڵوێستی سیاسی لەگەڵ ئەو وڵاتانە، بۆرییەكانی سعوودیە و سووریا وەستان، ئەوەی ئوردنیش میلیشیا شیعەكان و ئێران لەسەر راكێشانی رازی نین، بۆیە دوای وەستانی بۆری توركیا و باشتربوونی پێوەندییەكان لەگەڵ سووریا و سعوودیە، عێراق دەیەوێ بۆری نەوتی ئەو وڵاتانە كارا بكاتەوە.

بەپێی پلانی بەرپرسانی نەوتی عێراق بەنیازن بۆ 2027 بەرهەمی رۆژانەی نەوتی عێراق بگەیننە ئاستی هەشت ملیۆن بەرمیل، بۆ ئەو مەبەستەش پێویست بە كردنەوەی دەروازەی نوێ و فرەوانكردنی ئەوانەی هەیە دەكات، فەرهاد عەلائەدین، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری دەرەوە دەڵێت، گفتوگۆ هەیە بۆ كاراكردنەوەی هیڵی نەوتی سعوودیە كە لە ساڵانی حەفتاكان هەبوو، جیا لە بوونی بیرۆكەی كاراكردنەوەی بۆری نەوتی سووریا و بەندەری عەقەبە لە ئوردن، كە ئێستە لە تاوتوێكردندایە. 

ئێستە توانای هەناردنی نەوت لە بەندەرەكانی باشووری عێراق دەگاتە سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە، هەوڵیش هەیە بۆ زیادكردنی بۆ شەش ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، هەرچی بۆری نەوتی ئوردنە لە حاڵەتی تەواوبوونی قەبارەی بەرهەمهێنان دەگاتە ملیۆنێك بەرمیلی رۆژانە، سەبارەت بە رۆیشتنی نەوت لە رێگەی توركیاشەوە، عەلائەدین گوتی، لایەنی توركی باسی بوونی كێشەی تەكنیكی دەكات، بەڵام رەنگە هۆكاری دواكەوتنی هەڵبژاردنی توركیا بێت، ئەوان سەرەتا باسی ئەوەیان كرد گفتوگۆ لەبارەی ئەو بڕە پارەیە بكرێت كە دادگەی پاریس وەك غەرامە بەسەر توركیای سەپاندووە، دوای ئەوە باسی كیشەی تەكنیكیان كرد.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل