شاخەوان عەبدوڵا: وادەی دەنگدان لەسەر بودجە دیاری نەكراوە و پشكی هەرێمیش یەكلا نەبووەتەوە

:: PM:09:30:25/05/2023 ‌

تا ئێستە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی تاوتوێكردنی بڕگە كێشەلەسەرەكانی ناو پڕۆژەیاسای بودجەی عێراقە، دوێنێ هاتە راگەیاندن كە كاری لیژنەكە تەواو بووە و بڕیارە شەمووی داهاتوو لە پەرلەمان بخرێتە دەنگدانەوە، كەچی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات رۆژی شەموو پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساكە نادات و وادەی دەنگدانیش دیاری نەكراوە.

د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، تا ئێستە وەك سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق وادەی پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی عێراق دیاری نەكراوە، بۆیە ئەوەی باسی كراوە كە رۆژی شەموو دەنگی لەسەر دەدرێت راست نییە، دووپاتی كردەوە، رۆژی شەموو پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق نادات.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق زیاتر گوتی، تا ئێستە هیچ وادەیەك بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق دیاری نەكراوە، ئاشكرای كرد كە هێشتا پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە یەكلا نەبووەتەوە.

لای خۆیەوە سیپان عەزیز، ئەندامی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق بۆ "وشە" گوتی، لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق سێ مادە پێوەندی بە پشكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، ئەوانیش مادەكانی 12 و 13 و 14، هەندێك پەرلەمانتار داوایان كردووە دەستكاری ئەو مادانە بكرێت.

زیاتر گوتی، وەك نوێنەرانی كورد بەوە رازی نین و دەمانەوێ چۆن لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا رێككەوتنی لەسەر كراوە و چۆن لە حكوومەتی عێراق بۆ پەرلەمان نێردراوە، بەو شێوەیە پەسەند بكرێت و دەستكاری نەكرێت.

عەزیز دووپاتی كردەوە، هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی دەستكاری پشكی هەرێم نەكرێت و وەك چۆن رێككەوتنی لەسەر كراوە، بەو شێوەیە تێپەرێندرێت و پەسەند بكرێت.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل