یەكێتی لە بودجەدا لەگەڵ شیعەكان دژی هەرێم دەنگی داوە

:: PM:02:01:26/05/2023 ‌
لەپڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق پشكی هەرێمی كوردستان بەپێی رێككەوتنی نێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان وعێراق دیاریكراوە، بەڵام نوێنەری یەكێتی و چەند پەرلەمانتارێكی عەرەب گۆرانكاریان لە دوو مادەی پەیوەست بە پشكی هەرێمی كوردستان كردووە، كە بەهیچ شێوەیەك لەبەرژوەندی هەرێمی كوردستان دانییە و زیان بە هەرێمی كوردستان دەگەینێت.

شەوی رابردوو تا درەنگ لیژنەی دارایی سەرقاڵی گفتوگۆ بوو لەسەر مادە و بڕگەكانی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق، بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو یەكێتی لەگەڵ چەند پەرلەمانتارێكی شیعە دژی بودجەی هەرێمی كوردستان دەنگی دا.

ئەمڕۆ هەینی 26ـی ئایار، ئیبراهیم قەبۆ پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ "وشە" گوتی ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێككەوتنی لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە كردووە و پێویستە ئەو رێككەوتنە چۆن كراوە و چۆنیش لە حكوومەت رەوانەی پەرلەمان كراوە بەوشێوەیە تێپەرێندرێت بێ دەستكاریكردن و بەهیچ شێوەیەك رازی نابین گۆرانكاری تێدا بكرێت.

باسی لەوەش كر، دوێنێ كە لە لیژنەی دارایی گۆرانكاری لە دوو مادەی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان كراوە ئەوانیش مادەی 13 و 14 نوێنەری یەكێتیش لەگەڵ ئەوپەرلەمانتارانە بەشداربووە كە گۆرانكاریەكان كراوە، بەڵام نوێنەرانی پارتی لە كۆبوونەوەكە كشاونەتەوە.
ئیبراهیم قەبۆ گوتیشی، هەر گۆرانكاریەك لە پڕۆژە یاسای بودجە لە پشكی هەرێمی كوردستان ڕەت دەكەینەوە و رازی نابین و پێویستە رێككەوتنەی نێوان هەردوو حكوومەت كراوە بێ دەستكاری و گۆرانكاری تێپەرێندرێت، چونكە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیش لەسەر ئەوە كۆكن وئەوەی ئەوكارە دەكات هەندێك پەرلەمانتارن.

قەبۆ باسی لەوەشكرد، ئەوەی كراوە بڕیاری كۆتایی نییە و لە لیژنەی دارایی گۆرانكاری كراوە و دواجار لە هۆڵی پەرلەمان یەكلایی دەكرێتەوە و دەنگی لەسەر دەدرێت، بۆیە ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی رێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەبارەی بودجە وەكو خۆی پەسەند بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش زۆر لایەن پشتگیری لە داواكاری ئێمە دەكەن.

گوتیشی، نەبوونی یەك هەڵوێستی و وەستانەوە دژی ئەو رێككەوتنە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە زیان بە خەڵكی كوردستان دەگەینێت، بۆیە بەداخەوە كە لایەنی كوردی هەبێت دژی ئەورێككەوتنە بوەستێتەوە لەگەڵ هەندێك پەرلەمانتاری عەرەب.

لای خۆشیەوە پەرلەمانتاری شیعە یوسف كیلابی سوپاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەكات، لەگەڵ ئەوان دژی هەرێمی كوردستان لەگۆرانكاریەكانی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە وەستاونەتەوە .

لەپڕۆژە یاسای بودجەی گشتی عێراق لە سێ مادە 12و13و14باسی پشكی هەرێمی كوردستان دەكات و چەندین رۆژە چەند پەرلەمانتارێك لە لیژنەی دارایی هەوڵدەدەن كە گۆرانكاری لە پشكی هەرێمی كوردستان بكەن، بەجۆرێك زیان بە هەرێمی كوردستان بگات و نوێنەری یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیش لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانە هاو هەڵوێستە و دوێنێش لەگەڵ ئەوان دەنگی داوە كە گۆرانكاری لە هەردوو مادەی 13 و14 بكرێت ،بەڵام نوێنەرانی پارتی لەدانیشتنەكە كشاونەتەوە.
بڵند ئیبراهیم





وشە - رامیار جەواد