سبەی كۆنگرەیەكی گەورەی ئابووری لە بەغدا بەڕێوە دەچێت

:: PM:11:09:26/05/2023 ‌

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رای گەیاند كە سبەی شەموو بە ئامادەبوونی نوێنەرانی 10 دەوڵەت، كۆنگرەیەكی گەورەی ئابووری بەڕێوە دەچێت و تیایدا دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان دێتە راگەیاندن. 

یوونس كەعبی، بەڕێوەبەری گشتی هێڵی ئاسنین لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق گوتی، لەو كۆنگرەی بڕیارە سبەی شەموو لە بەغدا بێتە سازكردن، دەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان لە لایەن محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی نوێنەری 10 دەوڵەت دێتە راگەیاندن.

ئاشكرای كرد كە پڕۆژەكە تەواو عێراقییە و هیڵێكی ئاسنین و رێگەیەكی وشكانی خێرا لەخۆ دەگرێت، كە لە بەندەری فاوەوە دەست پێ دەكات بەرەو سنووری عێراق و توركیا، سبەی دەست بە جێبەجێكردنی كردەنی پڕۆژەكە دەكرێت، تاوتوێكردنی سەرەتایی بۆ كراوە و سبەی دەچێتە قۆناغی ئامادەكردنی دیزاین و رووپێوی و چارەسەركردنی كیشەكانی بەردەم پڕۆژەكە لەسەر زەوی، دوای ئەوە دەخرێتە بەردەم كۆمپانیاكانی دنیا بۆ جێبەجێكردنی لە رێگەی كەمكردنەوە.

لای خۆیەوە فادی شمەری، راوێژكاری سیاسی سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی، پڕۆژەی رێگەی پەرەپێدان لەكاتی تەواوبوونی، رۆژهەڵات و رۆژئاوای دنیا بەیەكەوە دەبەستێتەوە، پڕۆژەكە لە بەندەری فاو لە بەسرەوە دەست پێ دەكات و بە 10 پارێزگەی عێراق تێپەڕ دەبێت، دەگاتە توركیا و لەوێش بۆ ئەوروپا، كاڵا و وزەی پێدا دەگوازرێتەوە، واتە لە رێگەی بارهەڵگر بە رێگە وشكانییەكە كاڵاكان دەگوازرێنەوە، لە رێگەی شەمەندەفەریشەوە كاڵا و گەشتیاران و وزە دەگوازرێنەوە.

ئاشكرای كرد كە داهاتی ساڵانەی دەگاتە نزیكەی چوار ملیار دۆلار و 100 هەزار هەلی كاریش دابین دەكات، عێراق دەكاتە وێستگەیەكی گەورە و سەرەكی بۆ بازرگانی و گواستنەوە لە نێوان ئاسیا و ئەوروپا.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل