لیرەی توركی هاڕەی كرد

:: AM:10:24:07/06/2023 ‌
لیرەی توركی لە بازاڕەكانی كوردستان و دنیادا، جارێكی تر بەهاكەی لە دەست دا، بۆ ئەمڕۆ دوو هەزار و 327 لیرەی توركی بەرانبەر 100 دۆلارە.

گۆڕانكارییەكانی توركیا و دواین هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە، وایكردووە نرخی لیرە روو لە دابەزینی بەردەوام بكات، ئێستە بەهای ئەو دراوە لە بازاڕەكانی دنیا و كوردستانیشدا، ڵەڕاوكێی دروست كردووە.

لیرە دابەزی بۆ دوو هەزار و 200 لیرە بەرانبەر 100 دۆلار، ئەمڕۆ جارێكی تر بەهاكەی لە دەست دایەوە.
ئەمرۆ چوارشەم حەوتی حوزەیران، سەربەست حاجی خاوەنی نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو، بە"وشە"ـی راگەیاند، لیرەی توركی بۆ جاری دووەم لەم هەفتەیەدا بەرەو دابەزین چوو. ئاماژەی دا، بەهای لیرەی توركی بەرانبەر دۆلار زیاتر دابەزی و ئەمڕۆ هەر 100 دۆلارێك بەرانبەر دوو هەزار و 327 لیرە تۆمار كراوە.

بەگوتەی حاجی "ئەوە گەورەترین دابەزینە لە مێژووی بەكارهێنانی لیرە لە دوای ساڵی 2005ـەوە، تۆمار كرابێت".

ئەمە لە كاتێكدایە، ڕۆژی یەكشەمی رابردوو بەهای لیرە دابەزی بۆ دوو هەزار و 200 لیرە بەرانبەر 100 دۆلار، ئەمڕۆ جارێكی تر بەهاكەی لە دەست دایەوە.

دابەزینی لیرە بەهۆی مەترسیی بازاڕی دراوە لە كاریگەریی ئەو سیاسەتە دارایی و نەختینییەی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، ئەگەری هەیە بۆ پێنج ساڵی ئایندە پێڕەوی بكات.

ئەمساڵ لیرەی توركی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە و بە جۆرێكە 18%ی بەهاكەی لە دەست داوە، لە ساڵی ڕابردوودا 30% و لە ساڵی 2021دا 44%ی بەهاكەی لە دەست داوە، چاودێرانیش ئەو دابەزینە بۆ سیاسەتەكانی ئەردۆغان و دواین كێشە ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتە دەگەڕێننەوە.


وشە - رامیار جەواد