حكوومەتی عێراق دەستەوەستانە.. بۆچی نرخی دۆلار دانابەزێت؟

:: PM:09:39:08/06/2023 ‌

دەركەوت كە بابەتی دابەزینی نرخی دۆلار لە دەرەوەی كۆنترۆڵی حكوومەتی عێراقە، لە لایەك ئەمەریكا دەڵێت پێوەندی بە ئێمەوە نییە، شارەزایان دەڵێن تا ئێستە عێراق كێشەی لەگەڵ سەكۆی ئەلیكترۆنی حەواڵەی دەرەكی یەكلا نەكردووەتەوە، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراقیش دووپاتی دەكاتەوە كە دۆلار دادەبەزێت، شارەزایەكی ئابووری هۆكاری هەرزان نەبوونی دۆلار ئاشكرا دەكات.

محەمەد تەمیمی، سەرۆكی ژووری بازرگانی دیالە دەڵێت، هۆكاری هەڵكشانەوەی نرخی دۆلار لە عێراق بۆ سێ هۆكار دەگەڕێتەوە، لەوانە بەردەوامی قاچاخی دۆلار و بوونی لایەنی دەسترۆیشتووە لەناو دامەزراوە حكوومەتییەكان، كە بەرژەوەندی ئەوان لەگەڵ هەوڵەكانی حكوومەت بۆ دابەزینی نرخی دۆلار یەك ناگرێتەوە، دووپاتی كردەوە، دەوڵەتی قووڵ ئامرازی كاریگەری بۆ پەكخستنی هەر هەوڵێكی حكوومەت هەیە كە زیان بە بەرژەوەندی ئەوان دەگەیەنێت.  

روونی كردەوە، جیا لەوانە هەندێك هێزی دەسترۆیشتوو هەن سوود لە نرخی دۆلار لە بازاڕی هاوتا و رەش دەكەن، لەو رێگایەوە پارەیەكی زۆریان دەست دەكەوێت، هەموو هەوڵەكانی حكوومەتیش بۆ نەهێشتنی قاچاخ دراو و كۆنترۆڵكردنی نرخ لە بازاڕی دراو، مانای بڕینی ئەو پارە زۆرەیە كە ئەوان دەستیان دەكەوێت.

تەمیمی دووپاتی كردەوە، كۆنترۆڵكردنی ئابووری نیشمانی و هەڵوەشاندنەوەی ئامرازە كاریگەرەكان لەسەری ئاسان نییە و هاوشێوەی شەڕی دژ بە تیرۆرە، هەندێك لایەن هەن نایانەوێ چوونەپێشی رەوڕەوی چاكسازی ئابووری لە عێراق بەردەوام بێت، یان بەلایەنی كەم لە چوارچێوەی سنوورێكی دیاریكراوی بەرژەوەندی گەورەكان بمێنێتەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل