لە سەرەتای ئەمساڵەوە عێراق تووشی تەنگژەی هەڵكشانی نرخی دۆلار بووەتەوە، كێشەكە لە كەمیی قەبارەی ئەو دۆلارە نییە كە لە لایەن بانكی ناوەندییەوە دەخرێتە روو، بەڵكو كێشەكە ئەوەیە خواستێكی نائاسایی لەسەر دۆلار هەیە و بە مەبەست نرخەكەی بەرز دەكرێتەوە، شارەزایەك چارەنووسی دۆلارەكانی لە بانكی ناوەندی دەخرێنە روو ئاشكرا دەكات.
ناسر كنانی، شارەزا لە بواری دارایی دووپاتی كردەوە كە ئەو دۆلارەی بانكی ناوەندی عێراق دەیفرۆشێت دەچێتە لای بانكەكانی كەسانی دەسترۆیشتوو و دەسەڵاتدار، ئەوانیش كار لەسەر حەواڵەی رەش دەكەن، روونی كردەوە، ئێستە وای لێ هاتووە زیادكردنی فرۆشتنی دۆلار لە لایەن بانكی ناوەندییەوە كاریگەرییەكی ئەوتۆ لەسەر نرخی دۆلار لە بازاڕ ناكات.
ئاماژەی كرد، هۆكارەكەشی ئەوەیە زۆرینەی ئەو دۆلارە بۆ ئەو بانكانە دەچێت، كە هی كەسانی باڵادەست و دەسترۆیشتوون، كە ئەوانەش راستەوخۆ لە حەواڵەی رەش بەرپرسیارن، بۆیەش ژمارەیەك بانك لە مامەڵەكردن بە دۆلار قەدەخە كران.
كنانی دووپاتی كردەوە كە هاوكات كەمكردنەوەی قەبارەی فرۆشتنی دۆلار لە لایەن بانكی ناوەندییەوە كاریگەری لەسەر هەڵكشانی نرخی دۆلار دەبێت، چونكە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی دۆلار لە بازاڕ، ئەو كات ئەو بانك و بازرگانانی دراو، كار بۆ كۆكردنەوەی دۆلار دەكەن بۆ بەردەوامبوونیان لە كاری حەوالەی رەش.
شایەنی باسە ئێستە بانكی ناوەندی عێراق رۆژانە بڕی 200 ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت، كە زۆرینەی بۆ حەواڵەی دەرەكییە، ئەوەی ئەو دۆلارە دەكڕێت بانكە تایبەتەكانن، كە زۆرینەی هی بەرپرسانە و بە ناوی جیاجیا دەچنە ناو مەزادی دراوەوە، ئەوان دۆلارەكە بە نرخی فەرمی دەكڕن و لە بازاڕ بە نرخی گرانتر دەیفرۆشنەوە، بازرگانانی نایاسایی و ئەو كەسانەشی دۆلار بۆ وڵاتانی سزادراو لە لایەن ئەمەریكا دەكڕنەوە، هۆكاری سەرەكین كە نایەڵن نرخی دۆلار دابەزێت.