دوای سەردانی هەفتەی رابردووی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و رێككەوتن بە رەوانەكردنی بڕە پارەیەك بۆ مووچەی فەرمانبەران، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری رەوانەكردنی پارەكەی بۆ سێ مانگ دەركرد، بەڵام ناروونییەك لەبارەی چارەنووسی مووچەی مانگەكانی تەمووز و ئاب هەبوو، بۆیە وەزارەتی دارایی روونكردنەوەیەكی دەركرد.
وەك لە راگەیاندنێكی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، سەبارەت بەو 700 ملیار دینارەی كە بڕیارە وەك قەرز لە لایەن حكوومەتی ناوەندی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت، پارەكە بۆ مووچەی مانگی تەمووز تەرخان دەكرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بە رەوانەكردنی بڕە پارەیەك بۆ هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی مووچەی فەرمانبەران، بەو شێوەی خوارەوە:
1-هەرسێ بانكی رافیدێن و رەشید و بازرگانیی عێراق، بڕی دوو ترلیۆن و 100 ملیار دینار بۆ ئەمساڵی دارایی وەك قەرز بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەدەن، بەو پێیەی پارەكە بە سێ وەجبەی یەكسان، 700 ملیار دینار بۆ هەر وەجبەیەك لە مانگی ئەیلوولەوە خەرج بكرێت.
2-وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕە پارەی قەرزەكە لە پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی دارایی 2023 دەداتەوە، لە دوای یەكلاكردنەوەی ئەوەی لە ئەستۆی هەرێمە.
3-لە حاڵەتی ئەوەی لە پشكی هەرێم لە بودجەی 2023 ماوەتەوە بەشی دانەوەی قەرزەكە نەكات، وەزارەتی دارایی فیدراڵ قەرزەكە لە پشكی هەرێم لە بودجەی 2024 یان لە هەر شایستەیەكی تر بۆ ئەو بانكانە تەواو دەكات، ئەوەش پێش دانی هەر شایستەیەكی دارایی بە هەرێم.
4-وەزارەتی دارایی بڕێك پارەی هاوتا بۆ پارەی ئەو قەرزەی بە هەرێم دەدرێت لەو بانكانە دادەنێت، كە لە دوای جێبەجێكردنی بڕەگانی دوو و سێی سەرەوە دەتوانرێت رابكێشرێت.
5-دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری هەرێمی كوردستان لێوردبوونەوە لە ژمارە و برشی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم و ئەوانەی چاودێری كۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە دەكات، ئەوەش بە پێی ئەو لیستانەی رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ كراون، لە ماوەی 30 رۆژ لە دەرچوونی ئەو بڕیارە.