كاتی ناردنی 700 ملیارەكە دیاری كرا

:: AM:09:28:18/09/2023 ‌
دوێنێ‌ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بڕیار درا بە ناردنی بڕی 700 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، بەپێی بەدواداچوونەكان، ئەمڕۆ نووسراوی ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەزارەتی دارایی دێتە ناردن.

ئەمڕۆ دووشەم 18ـی ئەیلوول، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" كە لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەستی كەوتووە، حەمید غازی ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، نووسراوی ناردنی پارەكە بە واژووكراوی و بە فەرمی ئاراستەی لقەكانی بانكی ڕەشید و رافیدەین دەكات.

ئەوەیش زانراوە پێش ئاراستەكردنی بە نووسراوێك، وەزارەتی دارایی ئاگادار كراوەتەوە بەمەبەستی دابینكردنی پارەكە و ناردنی بۆ وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ ئەوەی دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكرێت.

بەپێی زانیارییەكان، رێكارە ئیدارییەكان تەنیا چەند سەعاتێكی پێویستە، ئەگەر ئەمڕۆ تەواو بكرێت، تا سەعات 12 پارەكە دەخرێتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی و ئابووری.

دوای سەردانەكەی هەفتەی رابردووی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و گفتوگۆكردن و رێككەوتنی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، تەنگژەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر بوو، دوێنێ‌ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر بنەمای پێشنیازەكانی سەردانەكە، بڕیاری رەوانەكردنی بڕێك پارەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دا و وردەكارییەكەی بڵاو كردەوە.

دواتر مەسروور بارزانی‌ سەرۆك وەزیرانی‌ كوردستان لە پەیامێكدا رای‌ گەیاندووە، بە پشتبەستن بەخوای گەورە و ئیرادەی بەهێزی گەلەكەمان، توانیمان بەرگری لە مافی خەڵكی كوردستان بكەین و لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ محەمەد شیاع سوودانی بگەینە ڕێككەوتنێكی گونجاو، بۆ دابینكردنی مووچەی هاووڵاتییان.

"سوپاس بۆ پشوودرێژیی هاونیشتمانیانی خۆڕاگر كە متمانەیان بە حكوومەتەكەی خۆیان لە دەست نەدا". مەسروور بارزانی‌ وا دەڵێ‌.

هەروەها دەڵێ‌، سوپاس بۆ سەرۆك بارزانی كە پاڵپشت و ڕێنیشاندەرمان بوو لە زاڵبوون بەسەر كۆسپەكاندا. سوپاس بۆ پاڵپشتی و ڕۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پشتیوانیكردن و سەرخستنی پرۆسەی دانوستان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ.

"سوپاس بۆ لایەنە سیاسییەكانی عێراقی فیدراڵ كە پشتیوانمان بوون. سوپاس بۆ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراقی فیدراڵ كە پاڵپشت و هاودەنگ بوون لە دەستەبەركردنی مافی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان". مەسروور بارزانی‌ وای‌ نووسیوە.

لە كۆتاشدا سوپاس بۆ شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە بە بێ ماندووبوون و بە هەستێكی پڕ لە بەرپرسیاریەتی، توانییان لەم ئەركە قورسەدا سەركەون. بە پشتیوانی خوای گەورە بەردەوام دەبین لە خزمەتكردنی هاووڵاتییانی خوشەویست و ڕێ بە هەوڵە نەزۆكەكان نادەین سەقامگیریی هەرێمی كوردستان تێكبدەن.



وشە - رامیار جەواد