جۆ لە گەنم گرانتر بوو

:: PM:01:36:19/09/2023 ‌
نرخی جۆ لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان لە گەنم گرانتر دەبێت، بازرگانێكیش هۆكارەكەی ئاشكرا دەكات كە خواستی مەڕدارەكان زۆر بووە و وەرزی پایز، گیا كەم دەست دەكەوێت.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی ئەیلوول، دڵشاد عەزیز بازرگانی كڕین و فرۆشتنی دانەوێڵە لەناو بازاڕی عەلافانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی جۆ لە گەنم گرانتر بووە بەتایبەت جۆی ڕەش كە خواستێكی زۆری لەسەرە.

زیاتر گوتی، ئەمڕۆ تۆنێك جۆی ڕەش لە نێوان 530 هەزار بۆ 550 هەزار دینار، نرخی تۆنێك گەنم لە نێوان 480 هەزار بۆ 500 هەزار دینارە، جۆی سپیش تۆنی بە 420 هەزار دینارە.

باسی لەوەش كرد، ئێستە خواست لەسەر جۆر زۆر بووە، ئەوەیش بەهۆی وەرزی پایز و نەمانی گژوگیا كە لەلایەن مەڕدارەكانەوە دەكڕێت، هەروەها لەو كاتەدا بەهۆی نزیكبوونەوەی وەرزی زاوزێ‌، ئاژەڵ پێویستی بەخۆراكی باشە.

بەگوتەی ئەو بازرگانەی دانەوێڵە، هۆكارێكی تری گرانبوونی جۆ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە عەلەف گەنمی ئۆكرانی تۆنی گەیشتووەتە 430 تا 440 هەزار دینار.




وشە - رامیار جەواد