رێژەی کولەمەرگی لە ئێران گەیشتە سەرووی 60%

:: PM:02:46:19/09/2023 ‌
لە ئابووریدا جۆرێک پێنوێنی تر هەیە کە دۆخی نالەباری ئابووری وڵاتان دەردەخات و ئەو پێنوێنییەش بە کولەمەرگی ناسراوە و لە کۆکردنەوەی هەردوو رێژەی هەڵاوسان و بێکاری پێکدێت. رێژەی ئەو پێنوێنییە لە ئێران 60%ی تێپەراندووە.

هەڵسەنگاندنی دواین ئاماری ناوەندی ئاماری ئێران دەریخستووە پێنوێنی کولەمەرگی لە بەرزبوونەوەدایە و لە هەندێک پارێزگای ئێران نزیکەی 70%ە.

بەپێی ئامارەکە لە بەهاری ئەمساڵ رێژەکە بۆ تەواوی ئێران بریتی بووە لە 60.4% و بەراورد بە وەرزێک پێشتر واتا وەرزی زستان 1.2%ی تر زیادی کردووە. لە نێو پارێزگاکانی ئێران لوڕستان لە خراپترین دۆخدایە و رێژەکەی دەگاتە 69.5% .

رێژەی هەڵاوسان لەو پارێزگایە بریتی بووە لە 57.1%
بەگوێرەی رادیۆ فەردا، رێژەی بێکاری لە لوڕستان 12.4% راگەیەنراوە و بەپێی ئاماری دواین مانگی بەهاری ئەمساڵیش رێژەی هەڵاوسان لەو پارێزگایە بریتی بووە لە 57.1% و کاتێک ئەو رێژانە کۆ دەکرێنەوە بۆمان دەردەکەوێت خەڵک لە چ کولەمەرگییەکدا دەژین.

پێنوێنی کولەمەرگی ئامارێکی گرنگی ئابوورییە و تەنانەت دەکرێ لە رێی ئەو ئامارە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکان و بەرزبوونەوەی تاوان و تەنانەت دیاردەی خۆکوژی بکرێت.

لە ئێران سەرجەم پێنوێنە ئابوورییەکان خراپن و بەرزیی رێژەی هەڵاوسان و بێکاری لەپاڵ بەرزیی رێژەی هەژاری و دابەزینی بەهای دراو، خەڵکی ئێرانی خستووەتە دۆخێکی زۆر سەختی ئابوورییەوە.


وشە - سلێمان تاشان