سەردانی سوودانی بۆ ئەمەریكا نرخی دۆلار دەشكێنێت؟

:: PM:08:06:19/09/2023 ‌

نرخی دۆلار لە هەڵبەز و دابەزی بەردەوامدایە، ئەوەی كۆنترۆڵی نرخی لە بازاڕەكان دەكات چەند هۆكارێكی جێگیر و زانراون و شارەزایان روونیان كردووەتەوە، لەوانە خواست لە بازاڕ و قەبارەی خستنەڕووی لە لایەن بانكی ناوەندییەوە، جیا لە كاریگەری كاتیی رووداو و هەواڵە خۆش و ناخۆشەكان، شارەزایەك ئاماژە بۆ كاریگەریی سەردانەكەی سوودانی بۆ ئەمەریكا لەسەر دابەزینی نرخی دۆلار دەكات.

لەو كاتەی ئێستە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئەمەریكایە بۆ ئامادەبوون لە 78مین خولی كارەكانی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، ساڵح مەسرەفی، شارەزای دارایی دەڵێت، سەردانەكە گرنگە، بەتایبەتی لە رووی ئابوورییەوە، ئەو چەندان دیداری گرنگ چاوەڕوانی دەكات.

روونی كردەوە، بە پێی خوێندنەوەكان لەو سەردانەدا واشنتن چوار پەیامی گرنگ ئاراستەی عێراق دەكات، ئەوانیش پێویستیی پابەندبوونی بانكی ناوەندی و بانكەكانی عێراق بە مەرج و بنەماكانی حەواڵەی دەرەكیی دۆلار و مامەڵەنەكردن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی سزای ئەمەریكایان لەسەرە.

روونی كردەوە، هەروەها لایەنی ئەمەریكی گوشار لە عێراق دەكات بە پێویستی رێگرتنی زیاتر لە قاچاخی دۆلار و یاریكردن بە نرخی لە بازاڕەكان، دووپاتی كردەوە كە واشنتن نایەتە ناو بابەتی كەمكردنەوەی نرخی دۆلار، بەڵكو بژارەكان لەوبارە بۆ حكوومەتی سوودانی جێدیڵێت، چونكە پابەندبوون بە بابەتی رێگرتن لە قاچاخی دۆلار تاكە رێگەیە بۆ سەقامگیربوون و دابەزینی نرخەكەی لە بازاڕەكان.  

مەسرەفی ئاماژەی كرد، بابەتی نرخی دۆلار لە عێراق لە سایەی بوونی جیاوازییەكی گەورە لە نێوان نرخی فەرمییەكەی و نرخی لە بازاڕەكان بابەتێكی ئاڵۆزە، بۆیە سەردانی سوودانی بۆ ئەمەریكا كاریگەری لەسەر نرخی دۆلار نابێت، تەنیا ئەوەیە داوا لە ئەمەریكا دەكات پاڵپشتی لە رێوشوێنەكانی حكوومەتەكەی بكەن بۆ رێگرتن لە قاچاخی دۆلار.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل