گۆرانییەك دەتباتە لووتكەی هەستەكان و چاوت پڕ دەكات لە فرمێسك

:: AM:11:07:02/10/2023 ‌
عەباسی كەمەندیی هونەرمەند سەتان چیرۆك لە خەیاڵ و هەست و دەروونت دروست دەكات، تۆیش كە بۆ كچەكەتی دەڵێی یان هاوسەرەكەت یان خۆشەویستەكەت و كەسی تر، هەر هەمان هەستە و دەبێ‌ دەیان جار دووبارە گوێی لێ‌ بگریتەوە .

ئەوەی دەیبینن لەم كورتە ڤیدیۆیەی "وشە"دا، كورتە باسێكی ژیانی هونەرمەندی گەورەی كورد عەباسی كەمەندییە، لێرە هونەرمەند كەمەندی قسەی خۆی بەجێهێنا كە گوتی، منیش داخێكم لە دڵ بووە و دەبێ‌ ئەو داخەش بدەم لە دڵی ئەوەی گوێ‌ لەو گۆرانییە دەگرێ‌.

ئەم ماڵە هەژاریمە بەسەرما نەڕووخێنی، نەتۆرێ‌ 
سەر لە خۆم و ماڵ و مناڵم نەشێوێنی، نەتۆرێ‌  

چیرۆكی شیعری "نەتۆرێ‌"ی هونەرمەندی گەورەی كورد عەباسی كەمەندی، یەك و دوو و سەتان نییە، چیرۆكێكی نەبڕاوەیە و چەقیوە لە دڵی هەموو ئەوانەی خۆیان بە عاشقێكی بەسۆز دەزانن و دژی تۆرانی یارن. 

عەباسی كەمەندی كە لە ساڵی 1952 لە سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە، خاوەنی دەیان شیعر و گۆرانی و كتێب و نووسینی دەقی شانۆییە. هونەرمەندێك لەگەڵ سپیبوونی هەر تاڵێكی قژی و نووسینی هەر دێڕێكی، چیرۆكێكی تری ژیانمان پێ‌ ئاشنا دەكات.

گۆرانیی "نەتۆرێ‌" كە ئێستە لە هزری هەموو تاكێكی كوردە، بەڵام كەمن ئەوانەی چیرۆكەكەی دەزانن. كەمەندی كە خۆیشی لە دیمانەیەكدا ئامادە نییە چیرۆكی ئەو گۆرانییە ئاشكرا بكات و دەڵێ‌، نەتۆرێ، شیعری خۆمە، كەس ناتوانێ‌ چیرۆكی ئەو شیعرە لە من بزانێ‌ كە بۆچی نووسراوە. 

كەمەندی دەڵێ‌، منیش داخێكم لە دڵدا بوو، ئەوەندە بە داخەوە خوێندمەوە، بەداخەوە دامە دڵی خەڵك. لەوە زیرەكم داخ بخەمە دڵی گوێگرەكانمەوە. 

هونەرمەندی گەورە پێشتر گوتبووی گۆرانییەكانی ئەو پێویستی بە كلیپ نییە، هی ئەوەن بە تەنیا گوێیان لێ‌ بگری و بزانی چیرۆكەكان چین و لە كوێن. بەڵام دەردەكەوێ‌ هەر عاشقێك گۆرانییەكە بە بەری خۆیدا دەدروێ‌. 

لەگەڵ ئەوەیشدا لەسەر گۆرانیی "نەتۆرێ" چەند چیرۆكێكی جیاواز بڵاو كراونەتەوە، لەوانە گوایە بۆ سێ‌ كچەكەی گوتووە، بەتایبەت كاتێك دەڵێ‌، "تۆ بڵێ‌ شاخی مار، شیری مەلیچك بۆت دەسێنم نەتۆرێ،‌ تۆ گیانت بوێ‌، هەر بەخودا بۆت دەردەهێنم نەتۆرێ".


وشە - لاڤین عومەر