ژماره‌یه‌ك له چالاكانی لبنان، هه‌ستان به كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌یه‌كی سمبولیك له به‌یرووتی پایته‌ختی وڵاته‌كه، به مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایی و داواكردن له په‌رله‌مانتاران كه هه‌وڵ بده‌ن بۆ له‌كارخستن و گۆڕینی ئه‌و یاسایه‌ی كه كه‌سانی ده‌ستدرێژیكه‌ر له سزاكان ده‌به‌خشێت، به‌رامبه‌ر به ئه‌نجامدانی هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كه‌سی تاوان لێكراودا.
پێشانگه‌كه بریتی بوو له هه‌ڵواسینی 31 كراسی بووكێنی له نێوان ژماره‌یه‌ك دارخورما له ناوچه‌ی كه‌ناراوه‌كانی ئه‌و شاره‌دا، عولیا عه‌وازه، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌ڵمه‌ته‌كه له رێكخراوی ناحكوومیی "ئه‌بعاد" رای گه‌یاند، له كاتێكدا مانگ 31 رۆژه، ژنان هه‌موو رۆژێك رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی ده‌بنه‌وه و دواتریش ناچار ده‌كرێن هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ده‌ستدرێژیكاراندا بكه‌ن.
میرای هۆنین، هونه‌رمه‌ندی فڕه‌نسایی- لبنانی پشتگیری هه‌ڵمه‌ته‌كه ده‌كات و كراسه‌كانی بووكێنی دیزاین كردووه، رای گه‌یاند، "به‌شداریم له هه‌ڵمه‌ته‌كه‌دا كرد، چونكه ئه‌و جۆره یاسایه، ژنان له گه‌وهه‌ری خۆیان داده‌ماڵێت و بێ شوناسیان ده‌كات".
جێی بیرهێنانه‌وه‌یه، به‌گوێره‌ی ماده‌ی 522 له یاسای سزادانی لبنانی، تاوانباری ده‌ستدرێژی ئه‌گه‌ر هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ ئه‌و كچه‌دا بكات كه ده‌ستدرێژیی كردووه‌ته سه‌ر، ئه‌وا سزا نادرێت، ئه‌و ماده‌یه‌ی یاساكه ته‌نانه‌ت ئه‌و كچانه‌ش ده‌گرێته‌وه كه له خوار ته‌مه‌نی یاسایی هاوسه‌رگیرییه‌وه‌ن.
ساڵی رابردوو، پێشنیازی لابردنی ئه‌و ماده‌یه خرایه ڕوو، بڕیار وایه رێكه‌وتی 15ی ئایار/ مه‌یی داهاتوو، په‌رله‌مانی لبنان دانیشتنێك له‌باره‌ی بابه‌ته‌كه‌وه بكات و بڕیار له‌باره‌ی هێشتنه‌وه و لابردنی بدات.
چالاكان له ئێسته‌دا خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی واژووی هاووڵاتییانن به مه‌به‌ستی پاڵه‌په‌ستۆ خستنه‌سه‌ر ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بڕیاری له‌كارخستنی ئه‌و ماده‌یه بده‌ن، هاوشتاگی "#Undress522"یشیان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته دروست كردووه، هاوكات جان ئۆگاسابیان، وه‌زیری كاروباری ژنان له لبنان ئه‌و ماده‌یه‌ی یاساكه‌ی به "شتێكی چاخی به‌ردین" وه‌سف كرد.