فڕەنسا داوای لە حكوومەتی عێراق کردووە پابەند بێت بە دەستوورەوە

:: PM:02:15:09/10/2023 ‌
لە گفتوگۆیەكی زانستیدا، نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە فڕەنسا گوتی، فڕەنسا بە حكوومەتی عێراقی راگەیاندووە كە پابەند بێت بە دەستووری عێراقەوە، داواشی كردووە پێویستە حكوومەتی عێراق، تەواوی مافەكانی حكوومەتی هەرێم و پێكهاتەكانی تریش لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بدات.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی تشرینی یەكەم، عەلی دۆڵەمەری نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە فڕەنسا، بە "وشە"ی راگەیاند، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە فڕەنسا، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمە دادگایەكی نێودەوڵەتییە ئۆفیسی لە فڕەنسایە، حكوومەتی فڕەنسا دەست وەرناداتە كاروباری دادگا، دادگا سەربەخۆیە، خەڵك بە هەڵە تێگەیشتوون كە دادگای فڕەنسایە، نەخێر دادگای نێودەوڵەتیی فڕەنسایە، ئۆفیسەكەی لە پاریسە.

دۆڵەمەری دەڵێ، پێوەندییەكانی كوردستان و فڕەنسا لە ئاستێكی زۆرباشدایە، سەردانی سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و كۆماری فڕەنسا هەیە، دەیان سەردانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بۆ پاریس هەیە كە چاوی بە ئیمانوێل ماكرۆن كەوتووە كە ئەوە زۆر گرنگە، لە بوارەكانی تریشدا حكوومەتی هەرێم زۆر گرنگی بە هەرێمی كوردستان دەدات.

ئەوەشی ئاشكرا كرد، تا ئێستە حكوومەتی فڕەنسا بە فەرمی شتێكی وای رانەگەیاندووە كە سەردانی عێراق بكات، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر سەردانی عێراق بكات، سەردانی كوردستانیش دەكات، چونكە پێوەندییەكی باشی لەگەڵ سەركردەكانی كوردستان هەیە، تا ئێستەش دیار نییە ئەو سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكات، ئەگەر وابێت بەفەرمی بڵاو دەكرێتەوە.

ئەوەشی خستە ڕوو كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەمیشە هەوڵی ئەوەی داوە، حكوومەتی عێراق پابەند بێت بە دەستووری عێراقەوە، بەڵام ئەگەر سەیری بەیاننامەكانی حكوومەتی فڕەنسی بكەی، داوای كردووە حكوومەتی عێراق پێویستە تەواوی مافەكانی حكوومەتی هەرێم و پێكهاتەكانی تریش لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بدات، ئەوە كێشەیەكی ناوخۆییە، ناتوانن دەستوەربدەنە كاروباری ناوخۆی عێراق، بەڵام ئەوان هەوڵ دەدەن كە عێراق بە هەموو شێوەك دەستوور جێبەجێ بكات.

"بەچەندان قۆناغ هەوڵ دراوە زانكۆی سەڵاحەدین و سۆران و زانكۆكانی تریش، پێوەندیی نێوانیان واژوو بكەن، لەسەر ئەوەی چەندان قوتابی بۆ خۆێندن سەردانی فڕنسا دەكەن، بەتایبەت بۆ بەشی زمانی فڕەنسی، دیپلۆماسی، ماستەر و دكتۆراشیان لە بوارە جیاجیاكان بەدەست هێناوە، ئێستە چەندان قوتابیی فڕەنسیش هاتوونەتە كوردستان، ئێمە هەوڵ دەدەین ئەم پێوەندییە نەك هەر لە بواری دیپلۆماسی، بەڵكو لە بواری ئابووری و رۆشنبیریش ئەو پێوەندییانە دروست بكەین". عەلی دۆڵەمەری وا دەڵێ.


وشە - لاڤین عومەر