چەند هاووڵاتییەكی بەغدا: ژیان سەختە و رۆژانە شەش هەزار پەیدا دەكەین

:: AM:11:47:11/10/2023 ‌
پەیامنێری "وشە" بۆ چەند كارێكی رۆژنامەوانی سەردانی بەغدای كرد و لە نزیكەوە دیمەنەكانی ئەو وڵاتە دەگوازێتەوە كە بودجەی ساڵانەی سەروو 150 تریلیۆن دینارە، بەڵام وەك لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێ، ژیانی خەڵكی پایتەختەكەی كولەمەرگییە و رۆژانە سێ تا پێنج هەزار دینار پەیدا دەكەن.

لە عێراق جیا لە هەژاری كە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكانی ئاماژەی پێ دەدەن و سەرچاوەكەی بۆ گەندەڵی زەبەلاح دەگێڕنەوە، نەبوونی خزمەتگوزاری و بێكاری و بێ ئاوی و خراپی كارەبایش، نایەڵێ خەڵك ژیانێكی ئارام بكەن و گرووپە چەكدارەكانیش سەتان دەردەسەریی تریان بۆ دانیشتوان دروست كردووە.

لە راپۆرتێکی ڤیدیۆی "وشە"دا كە لە خوارەوە دانراوە، چەند هاووڵاتییەكی عێراق ناڕەزایی دەردەبڕن لە ژیان و خزمەتگوزارییەكان. پیاوێكی بە تەمەن گەنج و بەشێوە پیر، بەپیامنێری "وشە" دەڵێ، "هەشت ساڵە بە عەرەبانە كار دەكەم، رۆژانە سێ بۆ پێنج هەزار دینار پەیدا دەكەم، ئەمڕۆ تا ئێستە /نیوەڕۆ/ هیچم دەست نەكەوتووە، هەر ئەم عەرەبانەیە و ئەم كارەم هەیە، ئەگەر رۆژێك كار نەكەم هیچم نییە".

باس لەوەش دەكات كە ژیان لە بەغدا قورسە و هەندێك جار كار هەیە و هەندێك جاریش نییە.  هەر خۆیشی دەڵێ، چی بكەین؟ رۆژانە هەموو داهاتەكەمان ناگاتە 10 هەزار دینار، بەڵام سواڵ ناكەم و دزی ناكەم، دەبێت بەرگە بگرم، ئەوە ژیانمانە لە سایەی حكوومەتەوە.

بەغدا جاران یەكێك بوو لە شارە گەشاوەكان، خەڵكەكەی بەوپەڕی خزمەتگوزاری ئاشنا بوون، بەڵام چەند ساڵێكە بێ نازە و ئەو پرۆژانەی جارانیش كرابوون، تیرۆر و خراپەكاری شێواندوونی، بەڵام هەوڵێك بۆ ئاوەدانكردنەوەی چەند ناوچەیەك هەیە و پرۆژەكانی نیشتەجێبوونیش لە شارەكە بە خێرایی كار دەكەن.

هاووڵاتییەكی تری بەغدا بە محەمەد وەهاب پەیامنێری "وشە"ی گوت، پێشتر لە خانووی كرێدا بووم، بەڵام دواتر توانای كرێدانم نەما، ناتوانم مانگانە 400 هەزار دینار بدەم بە كرێ، چونكە كاری من كۆكردنەوەی قوتووە و بەوە تەنیا خۆم دەژیم، چونكە رۆژانە سێ بۆ شەش هەزار دینارم دەست دەكەوێت. 

"هاوسەرگیریم نەكردووە، چۆن هاوسەرگیری بكەم؟ من خۆم لەژێر پرد دەخەوم، خۆ خێزان نابەمە ئەو ژیانەوە لەگەڵم بژی، برام ژیان قورسە و خۆمان بكوژین باشترە، مردن باشترە كاتێك كرێ خانووت نییە و خواردن و خواردنەوە بە قورسی دەست دەكەوێ، پاكەتی جگەرەكەیشم پێشتر بە 500 دینار دەكڕی، ئێستە بووەتە یەك هەزار دینار" ئەو پیاوە عەرەبە وا دەڵێ.

ئەو دۆخەی بەغدا لە كاتێكدا دەستەبژێری سیاسیی عێراق لە بری بەرزكردنەوەی خزمەتگوزاری و ئاستی ژیان، ماوەی ساڵێكە بە چڕی كار لەسەر ئەوە دەكەن كە خۆشگوزەرانییەكەی هەرێمی كوردستانیش ڕابگرن و خەڵك وەك ناوچەكانی عێراق بژی، بۆیە مووچەی سێ مانگیان نەداوە.

دوێنێ سێشەم جینین بلاسخارت نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، لەو راپۆرتە سێ مانگیەی كە پێشكەشی ئەنجوومەنی ئاسایشی دەكات، ئەو بابەتەی خستە بەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و گوتی، حكوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان نادات و تازە بڕیاری داوە سێ مانگیان بە قەرز بۆ بنێرێ.


وشە - لاڤین عومەر