نرخی دۆلار چی بەسەر دێت؟

:: PM:07:31:25/10/2023 ‌

دەركەوت ئەوەی حكوومەتی عێراق و بانكی ناوەندی دەیكەن، تەنیا رێگرتنە لە تەقینەوەی دۆخەكە و هەڵكشانێكی شێتانەی نرخی دۆلار بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی و داتەپینی یەكجارەكەی دینار، ئەوان دەیان رێوشوێن و بەڵنیان راگەیاندووە، بەڵام نرخی دۆلار لە بازاڕ لە هەڵكشان و داكشانە و جیاوازی لە نێوان نرخی فەرمی و بازاڕ زۆرە، شارەزایان دەڵێن بانكەكە هیچی لەدەست نەماوە.

كێشەی دۆلار بە عێراق چارەسەر ناكرێت، رەنگە ئەوە تەنیا ناونیشان بێت و وردەكارییەكەی و هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە بووەتە ئامرازێكی ململانێی ئەمەریكا و ئێران، كە هیچیان ئامادە نین پەتەكە بۆ ئەوەیتریان شل بكەن، ئەو پەتەی لە ملی عێراق ئاڵاوە و خەریكە دەیخنكێنێت.

حەیدەر شێخ، توێژەری ئابووری دووپاتی دەكاتەوە كە كۆتاهاتنی تەنگژەی دۆلار لە عێراق زەحمەتە و كۆتایی نایەت، بانكی ناوەندیش توانای كۆنترۆڵكردنی بازاڕ و دەستی دەستیكردنی بانك و بازرگانانی بە نرخی دۆلار نەماوە، بەو هۆیەشەوە كە ناتوانێت سزای ئەوانە بدات، پێشبینی دەكرێت نرخی دۆلار لە دوو رۆژی داهاتوو بگاتە ئاستی 1650 دینار، ئەو نرخەش لە هەڵكشان بەردەوام دەبێت لە داهاتوودا.

روونی كردەوە، كێشە لە چاكسازی لە كەرتی بانكی هەیە و چەندان بەربەستی گەورەش لەبەردەم حكوومەت هەن،  بۆیە ئەو نرخەی ئێستەی دۆلار لە بازاڕەكان نرخی مامەڵەكارانە بە دۆلار، هەندێك بانكی تایبەت و بازرگان و خاوەن كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دراویش هەن هەوڵی هێشتنەوەی نرخی دۆلار لەو ئاستەی ئێستە دەدەن.  

لای خۆیەوە مستەفا حەنتووش، پسپۆڕی بواری دارایی و بانك دەڵێت، ئەمەریكا لە رێگەی دۆلارەوە گوشار لە حكوومەتی عێراق دەكات، لێدوانەكانی سوودانی لە قاهیرە لەبارەی غەزە، ئەوەندە كاریگەرییان نابێت، چونكە ئەو گوشارە ئەوكاتە دەستی پێ كرد كە واشنتن هەلێكی بە حكوومەتی عێراق دا بۆ رێگرتن لە قاچاخی دۆلار و دامەزراندنی سەكۆی ئەلیكترۆنی، بەڵام بەغدا لە پابەندبوون شكستی هێنا.

ئەو پسپۆڕە لە گرنگیی چوونی عێراق بۆ ناو گرووپی برێكسی كەم كردەوە و گوتی، ئەو رێكخراوێكی شكستخواردووە و تا كاتی سەپاندنی سزا بەسەر چین و بەكارهێنانی وەك چەكێك لە دژی ئەمەریكا كارا نابێت، وڵاتانی تری جگە لە چین توانای رووبەڕووبوونەوەی ئابووری ئەمەریكایان نییە.

دووپاتی كردەوە، ئێستەش ئەمەریكییەكان لە دۆخی ئێستەی عێراق رازی نین و دۆخەكە بەرەو پەرەسەندن و توندكردنی كۆتی دۆلار لەسەر عێراق دەچێت، بۆیە چارەسەر رێگرتنە لە قاچاخی دۆلار و دامەزراندنی سەكۆیەكە بۆ مامەڵكردن لەگەڵ ئێران و سووریا و پاڵپشتیكردنی هەندێك پیشەسازییە لە عێراق. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل