هه‌فته‌یه‌كی نوێ له بازاڕه‌كانی بۆرسه كرایه‌وه و له سه‌عاته‌كانی یه‌كه‌می ئه‌و بازاڕه‌ش نرخی نه‌وت به‌رز بووه‌وه. ئه‌گه‌ری پچڕاندن یان كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت له‌لایه‌ن وڵاتانی كه‌نداو وه‌ك چه‌كێك به‌رانبه‌ر رۆژئاوا و ئه‌و دۆخه‌ی له غه‌زه هاتووه‌ته كایه‌وه، به گرنگترین هۆكاری هه‌ڵكشانی نرخه‌كه‌ی هه‌ژمار ده‌كرێت.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه له ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا نرخی نه‌وت به رێژه‌یه‌كی به‌رچاو دابه‌زی، به‌ڵام له دواین رۆژی هه‌فته‌كه‌دا به‌شێك له‌و دابه‌زینه قه‌ره‌بوو كرایه‌وه و سێ دۆلار له نرخه‌كه‌ی هه‌ڵكشا، ئه‌مڕۆ دووشه‌میش كه‌مێكی تر نرخه‌كه‌ی به‌رز بووه‌وه.
به‌گوێره‌ی dailyfx نرخی هه‌ر به‌رمیلێك له نه‌وتی برێنت، ئێسته به 81 دۆلار و 27 سه‌نت و نرخی نه‌وتی تێكساسی ئه‌مه‌ریكاش به 76 دۆلار و 72 سه‌نت ده‌فرۆشرێت. له ناوه‌ندی هه‌فته‌ی رابردوو نرخی نه‌وتی برێنت تا 76 دۆلار دابه‌زیبوو.
هۆكاری سه‌ره‌كیی نرخی نه‌وت، پێوه‌ندیداره به هه‌ردوو جه‌نگی ئۆكراینا و غه‌زه و پێشتر به‌هۆی ئه‌و سیاسه‌ته تونده‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ رێگریكردن له هه‌نارده‌ی نه‌وتی رووسیا ره‌چاوی ده‌كرد، وایكردبوو نرخیش به‌رز ببێته‌وه.
له‌لایه‌كی تر درێژه‌كێشانی جه‌نگی غه‌زه و ئه‌گه‌ری به‌كارهێنانی بازاڕی نه‌وت له‌لایه‌ن وڵاته عه‌ره‌بییه‌كان، وه‌ك چه‌كێك دژی رۆژئاوا به نوێترین هۆكاری به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت داده‌نرێت.
جگه له‌مه هه‌فته‌ی رابردوو وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق رای گه‌یاند، درێژه به سیاسه‌تی ئۆپێك پڵه‌س بۆ سنوورداركردنی خستنه‌ڕووی نه‌وت ده‌دات، له‌لایه‌كی تره‌وه دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت، هێشتا هیچ ده‌ره‌نجامێكی نه‌بووه، بۆیه نرخی نه‌وتیش كاریگه‌ریی وه‌رگرتووه.
بڕیاره 26ی ئه‌م مانگه رێكخراوی ئۆپێك كۆ ببێته‌وه
بڕیاره 26ی ئه‌م مانگه رێكخراوی ئۆپێك كۆ ببێته‌وه و له‌باره‌ی قه‌باره‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی نه‌وت و درێژه‌دان به‌و سیاسه‌ته‌ی چه‌ند ساڵێكه ده‌ستی پێ كردووه، بڕیاری كۆتایی بدات.
نرخی نه‌وت له مانگی رابردوودا به‌تایبه‌تی له دوای ده‌ستپێكردنی جه‌نگی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل، به ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌ڵكشا و گه‌یشته نزیكه 94 دۆلار، نرخه‌كه‌ی ئێسته به‌راورد به ئه‌وكات 13 دۆلار كه‌متره.
ئه‌وكات ترسی گه‌وره‌بوونه‌وه‌ی جه‌نگه‌كه بۆ هه‌موو ناوچه‌كه، وایكرد به‌های وزه به‌رز ببێته‌وه، به‌ڵام دوای تێپه‌ڕینی مانگێك له جه‌نگ و كۆنترۆڵكردنی دۆخی جه‌نگ له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكا و سه‌ركه‌وتووبوونی له به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران و گرووپه‌كانی به‌ره‌ی مقاوه‌مه، وایكردووه جۆرێك ئارامی بۆ بازاڕه‌كان بگه‌ڕێته‌وه.
هۆكاری دابه‌زینی نرخی نه‌وت له دوو هه‌فته‌ی رابردوودا، بۆ ئه‌و نیگه‌رانییانه له بازاڕه‌كانی چین ده‌گه‌ڕێته‌وه كه وایكردووه قه‌باره‌ی داخوازی بۆ كڕینی نه‌وت، كه‌م ببێته‌وه و وه‌ك ئاشكرایه داخوازی تا زیاتر بێ، ئه‌وا له كاتی نه‌گۆڕانی قه‌باره‌ی خستنه‌ڕوو نرخه‌كه‌ی به‌رز ده‌بێته‌وه و پێچه‌وانه‌كه‌شی نرخی نه‌وت نزم ده‌كاته‌وه.