بانكی ناوەندی هۆشداری دەدات

:: PM:01:57:20/11/2023 ‌
بانكی ناوەندی عێراق، هۆشداری بە بەكارهێنەرانی كارتی ئەلیكترۆنی دەدات و رای دەگەیەنێت، ئەو كەسانەی خراپ كارتەكانیان بەكار دەهێنن یان قاچاخچێتیی پێوە دەكەن، ناوەكانیان لە لیستی رەشدا تۆمار دەكرێن و ڕێكاری یاسایی بەرانبەر ئەم گرووپە گیراوەتەبەر. 

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی تشرینی دووەم، لە هۆشدارییەكی بانكی ناوەندیدا هاتووە، بە بەكارهێنەرانی كارتی ئەلیكترۆنیی پارە راكێشان و رادەگەیەنین، هەندێك كەس كارتی ئەلیكترۆنی پارە ڕاكێشان خراپ بەكار دەهێنن. 

ئەو بانكە دەڵێت، دەسەڵاتمان هەیە بە جێبەجێكردنی ڕێوشوێنی توند بۆ سنوورداركردنی ئەم دیاردەیە، پاراستنی سیستمی دارایی و دوورخستنەوەی مەترسییەكانی لێی، بۆیە ئەوانە سەرپێچی دەكەن و ناوی خاوەن كارتەكانی بانكی كە خراپ كارتەكانیان بەكار دەهێنن یان قاچاخچێتیی پێوە دەكەن، ناوەكانیان لە لیستی رەشدا تۆمار دەكرێن و ڕێكاری یاسایی بەرانبەریان دەگرینەبەر. 

بانكی ناوەندی باسی لەوەش كردووە، ئەو جۆرە كەسانە بێبەش دەبن‌ لە دەركردنی كارتی تر و سەرجەم بەرهەمە داراییەكان، ئەمە و هەموو ڕێوشوێنێكی پێویستیش بەرانبەر سەرپێچیكاران دەگیرێتەبەر، ئەمەش بە پشتبەستن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پارەداركردنی تیرۆری ژمارە 39ی ساڵی 2015 و ئەو یاسایە رێسا و ڕێنوێنییانەی كە دەرچوونە.



وشە - رامیار جەواد