"هەوڵەكان بۆ هەناردەكردنی مریشك و هێلكەی هەرێم بۆ وڵاتانی كەنداو بەردەوامە"

:: PM:08:33:28/11/2023 ‌

لە چوارچێوەی ستراتیجیەتیی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كشتوكاڵ بۆ برەودان بە كەرتی كشتوكاڵی و ئاژەڵداری و دۆزینەوەی سەرچاوەیتری داهات و پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و دۆزینەوەی بازاڕ بۆیان، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لەو وەزارەتە ئاماژە دەكات كە لە هەوڵەكانیان بۆ هەناردەكردنی هێلكە و مریشكی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتانی كەنداو بەردەوامن.

فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، پێش دەستبەكاربوونی نۆیەم كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، 510 پڕۆژەی بەخێوكردنی مریشك لە هەرێم هەبوو، كەچی ئێستە بۆ هەزار و 908 پڕۆژە زیادی كردووە.

زیاتر گوتی، بەو هۆیەوەش توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی مریشك لە 135 هەزار تۆنەوە بۆ 265 هەزار تۆن بەرز بووەتەوە، لەوكاتەی هەرێمی كوردستان پێویستی بە 147 هەزار تۆنە، پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی هێلكەش 11 پڕۆژە بوو، ئێستە بۆ 39 پڕۆژە زیادی كردووە و رۆژانە 14 هەزار كارتۆن هێلكە بەرهەم دێنن، كە پێشتر بەرهەمەكەیان نزیكەی چوار هەزار كارتۆن هێلكە بووە، لەوكاتەی پێویستیی ناوخۆیی حەوت هەزار كارتۆن هێلكەیە و بەرهەمی زیادە رەوانەی خوار و ناوەڕاستی عێراق دەكرێت.

روونی كردەوە، ئێستە لە رێگەی نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ هەناردەكردنی هێلكە و مریشك بۆ دەرەوەی هەرێمی كوردستان لەسەر خەتین، بۆ ئەوەی بازاڕی زیاتری بۆ پەیدا بكرێت، چونكە ئامانجی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە بازاڕ لە ناوخۆ و دەرەوە بۆ هەموو بەرهەمەكان بدۆزێتەوە .

بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ دووپاتی كردەوە كە ئەو هەوڵە كاری باشی لەسەر كراوە بۆ ئەوەی مریشك و هێلكە رەوانەی وڵاتانی كەنداو بكرێت، لەوانە بۆ وڵاتی ئیمارات، كە ئەوەش دەبێتە هەنگاوێكی زۆر گرنگ بۆ ساغكردنەوەی بەرهەمی ناوخۆیی هێلكە و مریشك.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل