"ئاسۆسافت ئامانجی سەرەكیی پەرەپێدانی سەرچاوەكانی زمان و تەكنۆلۆجییەكانی زمانی كوردییە"

:: AM:08:58:04/12/2023 ‌
ئاسۆسافت گرووپێكی توێژینەوە و پەرەدانە كە ئامانجی سەرەكیی پەرەدانی سەرچاوەكانی زمان و تەكنۆلۆجییەكانی زمانە بۆ زمانی كوردی. مەبەست لە تەكنۆلۆجییەكانی زمان سەرجەم ئەو نەرمەمێرانەن كە كاری پێواژۆی دەنگ و دەقی كوردی دەكەن و هەلی ئەوە دەدەن بە بەكارهێنەر، لە ڕێی دەق یان دەنگەوە لەگەڵ كۆمپیوتەر پێوەندی بگرێت. 

 د. ئاران ئەمینی لە ماڵی كتێبی كوردی دوا و گوتی، ئاسۆسافت ساڵی ۲۰۱۳ دامەزراوە. چالاكییەكانی ئاسۆسافت لە سێ پۆلی سەرەكی پێك دێن، ئەوانیش دابینكردنی سەرچاوەكانی زمان، ئامێرەكانی پێواژۆی زمان و تەكنۆلۆجییەكانی زمانە. مەبەست لە سەرچاوەكانی زمان ئەو دراوە و داتاسێتانەن كە بۆ بەرهەمهێنانی تەكنۆلۆجییەكانی زمان پێویستن. ئەوانیش بریتین لە هەردوو جۆری داتای دەنگ و دەق كە بۆ ئامانجی جیاجیا دیزاین دەكرێن پاش كۆكردنەوە و خاوێنكردنەوە، بۆ پەرەدانی تەكنۆلۆجییەكانی زمان وەك وەرگێڕانی ماشین، بەرهەمهێنانی دەق، ناسینەوەی ئاخاوتن، ناسینەوەی ئاخێوەر، دیاریكەری بەشەكانی ئاخاوتن و هتد، كەڵكیان لێ وەردەگیرێت.

"كاری سەرەكیی ئاسۆسافت تا ئێستە لەسەر هەڵەگری ڕێنووس، ناسینەوەی ئاخاوتن و گۆڕینی دەق بە دەنگ لە ئاسۆسافتدا كار كراوە. لە پاڵ ئەمانەشدا، دەستكەوت و داهێنانی ناو پڕۆژەكان بەشێوەی وتاری زانستی لە كۆنفرانس و گۆڤارە زانستییە نێونەتەوەییەكاندا بڵاو دەكەینەوە. هەروەها هەوڵ دەدەین لەسەر ئەو بوارانە، ناوەڕۆك بە زمانی كوردی بەرهەم بهێنین و زاراوە و دەستەواژەكانی بواری پێواژۆی زمانی سروشتی و ژیریی دەستكرد، وەربگێڕینە سەر زمانی كوردی". د. ئاران وادەڵێت.

د. ئاران ئەمینی ئاماژەی بەوەش كرد، تا ئێستە تەنیا بۆ شێوەزاری كوردیی ناوەڕاست بەردەست خراوە. بەڵام هاوڕێیانمان خەریكی كۆكردنەوەی دراوە بۆ كوردیی ژووروون و دووەم زاراوە كە زیادی بكەین كوردیی ژووروو دەبێت. بەداخەوە تا ئێستە دراوەیەكی بەرچاو و پێویستمان بۆ زاراوەكانی هەورامی و كوردیی خواروو بۆ كۆ نەبووەتەوە كە هیوادارین لە داهاتوودا بۆ ئەو زاراوەنەش زۆرتر هەوڵ بدەین و كارێكیان بۆ بكەین.

سیستمەكانی ژیریی دەستكرد تا دراوەی زۆرتریان پێ بدرێت، ئەو دراوە جیاوازیی زیاتر لە خۆ بگرێت باشتر دەبن. بۆیە چاوەڕێ دەكرێت كە هەر ساڵە و تا ئاستێك ئەو سیستمانە باشتر ببن. ئەگەر بە دەوروبەری 300 سەعات دەنگی تۆماركراو گەیشتووینە وردبینیی 90%، بە هەزار سەعات دەنگ چاوەڕێ دەكرێت كە ڕێژەی هەڵەكان دابەزێت بۆ 4% و بگرە كەمتریش. ئەوە شتێكە كە بۆ زمانە دەوڵەمەندەكان لە ڕووی سەرچاوەوە بەدی هاتووە. بۆ وێنە ناسینەوەی ئاخاوتن لە زمانی ئینگلیزیدا توانیویەتی لە ژێرنووسكردنی فیلمدا لە مرۆڤ تێپەڕێنێت.

كۆرپسی دەق، كۆرپسی دەنگ بۆ ناسینەوەی ئاخاوتن و ئاخێوەر، كۆرپسی دەنگ بۆ گۆڕینی دەق بە دەنگ و كۆرپسی تریش بۆ وێنە شیكاریی لایەنگیری و وشەدانی ژمێركاری لە ئاسۆسافتدا پەرە دراون، هەروا لە هەوڵی زیادكردنی ئەو سەرچاوانەداین. ئەگەر بە دیاریكراوی لەبارەی كۆرپسی دەقی ئاسۆسافت قسە بكەین، وەشانی یەكەمی ١٨٦ ملیۆن وشە بوو كە ساڵی ٢٠١٩ بڵاو كرایەوە. وەشانی دووەمی كە بەمزووانە بڵاو دەكرێتەوە، دەوروبەری یەم ملیار وشەیە.



وشە - باز ئه‌حمه‌د