عێراق.. رۆژانە 2.5 ملیۆن دۆلار لە جگەرە خەرج دەكرێت

:: PM:08:25:11/02/2024 ‌

لە عێراق هەموو جۆرە تەنگژەیەك هەیە، لەوانەش جگەرەكێشان، بەڵام جگەرەكێشانی عێراقییەكان ئاسایی نییە، بۆیە شارەزایانی تەندروستی وریایی لە مەترسیی ئەو جۆرە جگەرەكێشانە زۆرە دەدەن كە لەو وڵاتە هەیە، جیا لە كێشە تەندروستییەكان، عێراقییەكان سێ ملیار دیناری رۆژانە، واتە 2.5 ملیۆن دۆلار لە جگەرە خەرج دەكەن. 

د. وەسیم گەیلان، بەڕێوەبەری بەرنامەی رووبەڕووبوونەوەی تووتن لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژە دەكات كە عێراقییەكان رۆژانە سێ ملیار دینار لە تووتن خەرج دەكەن، كاتێك 30 بۆ 40%ی عێراقییەكانیش دووكەڵی جگەرەكێشان هەڵدەمژن و نیوە زیاتریان بەو هۆیەوە تووشی كێشەی تەندروستی دەبنەوە، ئاشكرای دەكات كە زیاتر لە 70%ی ئەو جگەرەی لە بازاڕ هەیە، پشكنینی كوالیتی بۆ ناكرێ و هەندێك لە جگەرە ئەلیكترۆنییەكانیش مادەی هۆشبەریان تیادایە.   

لای خۆیەوە د. عەلی زەیدی، پزیشكی راوێژكار دەڵێت، ئەو جگەرەی دێتە ناو عێراق، لەوانە جگەرە ئەلیكترۆنییەكان، پشكنینی كوالیتییان بۆ ناكرێت، ئەوەش وای كردووە مەترسییان زیاتر بێت، بەتایبەتی كە زۆریان لەلایەن كۆمپانیای بێمتمانە دروست دەكرێت، بەهۆی دووكەڵی جگەرەوەشەوە رێژەی نەخۆشییەكانی سنگ و كۆئەندامی هەناسە و لوولەكانی خوێن بەرز بووەتەوە، زۆرێكیش لە نەخۆشان لەو گەنجانەن كە لە تەمەنێكی بچووك ئاڵوودەی جگەرەكێشان بوونە.

شایەنی باسە بەپێی ئامارە نافەرمییەكان نزیكەی 40%ی عێراقییەكان جگەرەكێشن، 20%ی قوتابیان جگەرە دەكێشن، لەوكاتەی لە خەمڵاندنێكی پێشووی وەزارەتی تەندروستیی عێراق هاتووە، هەر 20 خولەك كەسێك بەهۆی كاریگەرییەكانی جگەرەكێشان دەمرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل