كار لەسەر دوو پڕۆژەی گرنگ بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكرێت

:: PM:06:59:12/02/2024 ‌

یەكێك لە كارە بەرچاوەكانی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیدانە بە تەواوی ناوچەكانی هەرێم، لەوانە ئیدارە سەربەخۆكان، لەوانەش ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كە كاروانی ئاوەدانكردنەوە و گەیاندنی ئاستی خزمەتكوزاری و فەرمانگە خزمەتگوزارییە جیاوازەكان بووتە ئامانج، لەو ناوەدا جێبەجێكردنی دوو پڕۆژەی گرنك لە سنووری ئەو ئیدارەیە  دێتە راگەیاندن.
 
ئەو دوو پڕۆژەی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كاری لەسەر دەكرێت بریتین لە دابینكردنی كارەبا لە رێی وزەی خۆر بۆ گوندەكان، كە لە بواری پاراستنی ژینگە و كەشوهەوادا پرۆسەیەكی نێودەوڵەتییە، هەروەها پڕۆژەی بەكارهێنانەوەی ئاوی قوڕس لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

ئەمڕۆ دووشەم هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران پێشوازی لە یاكۆ بیرێندز، كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان و بەرپرسی ئابووریی كونسوڵگەكە كرد، بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وردەكاریی دیدارەكەی ئاشكرا كرد.

هەژار حەكیم، بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەم كونسوڵی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی كرد و لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەكەوە پێشوازی لێ كرا، لە  دیدارێكدا باس لە گرنگیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە بواری جوگرافی و بازرگانی و ئابوورییەوە كرا، هەروەها پێشخستنی پێوەندییەكان و دروستكردنی هاوئاهەنگی زیاتر گفتوگۆیان لەسەر كرا.

وەك حەكیم ئاماژەی بۆ دەكات، لە تەوەرێكی تری دیدارەكە باس لە دوو پڕۆژەی گرنگ لە سنوورەكە كرا، ئەوانیش دابینكردنی كارەبا لە رێی وزەی خۆر بۆ گوندەكان، كە لە بواری پاراستنی ژینگە و كەشوهەوادا پرۆسەیەكی نێودەوڵەتییە، جیا لە پڕۆژەی بەكارهێنانەوەی ئاوی قوڕس لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.

 "سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رای گەیاند كە لەو بوارەدا هەنگاوی باشمان بڕیوە و پرێسنتێشنێكیش لەو بوارەدا پێشكەش بە كونسوڵی هۆڵەندا كرا و بە خۆشحاڵییەوە پاڵپشتیی خۆیانی بۆ پڕۆژەكان پێشان دا"، هەژار حەكیم، بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وای گوت.

سۆران/ سدقی كوێستانی 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل