هەفتەی داهاتوو نرخی گۆشت هەرزان دەبێتەوە

:: AM:09:27:20/02/2024 ‌
بە هۆی كەمبوونەوەی ئاژەڵی گۆشت لەناوخۆی عێراق نرخەكەی گران بووە، بەڵام لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو هەرزان دەبێتەوە ئەوەیش دوای دەرچوونی بڕیاری هێنانی ئاژەڵی زیندوو لە چەند وڵاتێكی تر.

ئەمڕۆ سێشەم 20ـی شوبات، دلشاد عوسمان بازرگانی ئاژەڵ، بە "وشە"ی رەگەیاند، لە کۆتایی هەفتە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو نرخی گۆشت هەرزان دەبێتەوە و ئاژەڵی گۆشتی لە بازاڕەکان زیاد دەبێ.

زیاتر گوتی، بەهۆی گرژییەکانی لە نزیک دتریای سوور هەیە، نەتوانراوە ئاژەڵ لە وڵاتانی ناوچەکە بگوازرێتەوە، بەڵام وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕێنوێنی نوێی دەرکردووە ئاژەڵی گۆشتی لە چەند وڵاتێکی تر هاوردە بکەین.

دوێنێ سامر حەبیب بەرێوەبەری گشتی بەرێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری سەر بە وەزارەتی بازرگانی عێراق، ڕای گەیاندووە، هۆكاری بەرزبونەوەی نرخی گۆشت لە ناوخۆی عێراق دەگەڕێتەوە بۆ چاوچنۆكی بەشێك لە بازرگانەكان، هۆكارێكی تر بەرزبوونەوەی نرخی ئالیكی ئاژەڵە.

زیاتر گوتی، نرخی گۆشتی هاوردە بەهۆی دۆخی جیهانییەوە بە تایبەتی دوای ڕووداوەكانی ناوچەكە  زیادی كردووە، چونكە بۆتە هۆی كەمبوونەوەی هاوردەی ئاژەڵ بۆ ناوخۆی عێراق.

باسی لەوەش كرد، بەپێی ئەو پلانانەی دایانڕشتووە تا هەفتەی داهاتوو بڕێكی زۆری گۆلك هاوردەی عێراق دەكرێ‌ و ئەوەش كاریگەری دەبێت لەسەر كەمبونەوەی نرخی گۆشتی سوور لە ماوەی داهاتوودا و هاوكات ژمارەیەك ڕەزامەندی نوێ‌ دراوە بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵی دیكە لە وڵاتی تر.

گرانبوونی نرخی گۆشت كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستانیش كردووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت لە هەفتەی داهاتوو ئاژەڵێكی زۆر بگاتە بازاڕەكان و نرخەكەی دوو هەزار دینار دابەزێتەوە.


وشە - رامیار جەواد