46 هه‌زار قوتوو شیری‌ منداڵان ده‌ستی‌ به‌سه‌ردا گیرا

:: PM:05:56:31/03/2024 ‌
تیمێكی چاودێریی بازرگانیی هه‌ولێر ده‌ست به‌سه‌ر 46 هه‌زار قوتووی شیری منداڵاندا ده‌گرن كه‌ گومان ده‌كرێت ڕێكه‌وتی به‌سه‌رچوونیان نوێ بكرێته‌وه‌ یان دووباره‌ له‌ قوتوونانی بۆ بكرێت و بخرێته‌ بازاڕه‌وه‌.

تیمی چاودێری خاوه‌نه‌كه‌ ده‌گرن و ڕووبه‌ڕووی یاسای ده‌كه‌نه‌وه‌ و ده‌ست به‌سه‌ر شیره‌ به‌سه‌رچووه‌كه‌شدا ده‌گرن.

هۆگر عه‌لی، به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێریی بازرگانیی هه‌ولێر، به‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ڕاگه‌یاند، "له‌ گوندێكی نزیك شاری هه‌ولێر، 1706 كارتۆن شیری به‌سه‌رچوومان له‌ ماڵێك دۆزییه‌وه‌؛ لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌كه‌ین بۆ زانینی ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا ئه‌م شیره‌ بۆ چ مه‌به‌ستێكی تر به‌كاردێت، ئه‌و كه‌سه‌مان گرتووه‌ كه‌ ئه‌م كاره‌ی كردووه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی به‌رده‌وام ده‌كه‌ین تاوه‌كو ده‌گه‌ین به‌ ده‌رئه‌نجام".

روونیشی‌ كرده‌وه‌، له‌ مانگی ڕه‌مه‌زان به‌هۆی زۆریی خواستی هاووڵاتییان بۆ خواردن، كاری لیژنه‌كانیان چڕتر كردووه‌ته‌وه‌ و به‌رده‌وامن له‌ گه‌ڕان له‌ شاری هه‌ولێر؛ هه‌ر لیژنه‌یه‌ك له‌ سێ كه‌س پێك هاتوون و سه‌ردانی هه‌موو شوێنێك ده‌كه‌ن و زیاتر سه‌رنج له‌ ڕێكه‌وتی به‌سه‌رچوون ده‌ده‌ن، زۆر سوپاسی هاووڵاتییان ده‌كه‌ین كه‌ هاوكارمان بوونه‌ و هیوادارین به‌رده‌وام بن له‌ ئاگه‌داركردنه‌وه‌مان له‌ هه‌ر حاڵه‌تێكی له‌مجۆره‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی چاودێریی بازاڕی هه‌ولێر له‌ 15 ڕۆژی یه‌كه‌می ڕه‌مه‌زان 800 سه‌ردانیان ئه‌نجام داوه‌ و 135 شوێنیان سزا داوه‌، پێنج  شوێنیان داخستووه‌ و ده‌ستیان به‌سه‌ر 15 تۆن خۆراكی به‌سه‌رچوودا گرتووه‌.





وشە - وشه‌