ئەمەریكا ئەو هەژمارەی داخست كە داهاتی نەوتی عێراقیی تێدا كۆ دەكرایەوە

:: PM:01:45:02/04/2024 ‌
ئەمەریكا ئەو هەژمارەی داخست كە داهاتی نەوتی عێراقیی تێدا كۆ دەكرایەوە، لەمەودوا داهاتی عێراق لە هەژماری تردا دەبێت بەناوی عێراق دوو. شارەزایانی بانكیش دەڵێن، ئەگەر ئەمەریكا بیەوێت كێشە بۆ عێراق دروست دەكات.

 سەرجەم ئەو نەوتەی عێراق رۆژانە دەیفرۆشێت، دەچێتە هەژمارێكەوە لە ئەمەریكا بەناوی دی ئێف ئای سندووقی گەشەپێدانی عێراق، لە ساڵی 2003ەوە كاری پێ دەكرا و لە ژێر چاودێری و پاراستنی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمەریكادا بوو.

لە نووسراوێكدا كە بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی ناردووە، تایبەتە بەو هەژمارە بانكییە، لە نووسراوەكەدا كە واژووی عەمار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانكی ناوەندیی لەسەرە، باسی لەوە كردووە، ئەمەریكا ئەو هەژمارەی داخستووە كە تا ئێستە داهاتی نەوتی عێراقی تێدا كۆ كراوەتەوە.

لەدوای ئەوە هەژمارێكی نوێ بۆ عێراق كراوەتەوە بەناوی "عێراق دوو"، بەبڕوای شارەزایانی بانكی مادەم، ئەو هەژمارە لە ژێر چاودێریی ئەمەریكایە، كەوایە ئەمەریكا مامەڵەی پێ دەكات و هەركاتێك ویستی، دەتوانێ كێشەی بۆ دروست بكات.

لە خاڵی دووەمی نووسراوەكەدا ئاماژە بەوە دەكات، عێراق لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمەریكی گرێبەستی هەبووە بۆ گواستنەوەی دۆلارەكانی لە ئەمەریكاوە بۆ عێراق، گرێبەستەكە بەشێوەیەك بووە كە عێراق بڕی 441 هەزار دۆلاری وەك پارەی دڵنیایی، داوەتە كۆمپانیاكە و كرێی گواستنەوەی هەر كاروانێكی دۆلاریش 216 هەزار و 310 دۆلار بووە.



وشە - سۆران عەزیز