بڕیاره‌كه‌ی حكوومه‌ت له‌باره‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی جووڵه‌ ده‌خاته‌ بازاڕی خانووبه‌ره‌وه‌

:: PM:01:20:03/04/2024 ‌
راوێژكارێكی بواری بازرگانی و خانووبه‌ره‌ و وه‌به‌رھێنان ده‌ڵێت، بڕیاری حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا، له‌ كاتی خۆیدا بوو و له‌ یه‌كه‌م رۆژی بڕیاره‌كه‌وه‌ جووڵه‌ی خستووه‌ته‌ بازاڕی خانووبه‌ره‌وه‌ .

عه‌لی ئیبراھیم راوێژكاری بازرگانی و خانووبه‌ره‌ و وه‌به‌رھێنان، بۆ "وشه‌" گوتی، له‌ كه‌رتی خانووبه‌ره‌ نزیكه‌ی 30 هه‌زار كه‌س كار ده‌كه‌ن، نزیكه‌ی شه‌ش ھه‌زار و 700 نووسینگه‌ و كۆمپانیای خانووبه‌ره‌ چالاكن. دابه‌شكردنی زه‌وی له‌لایه‌ن حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران، بووژانه‌وه‌یه‌كی ئابووری له‌ سێكته‌ری خانووبه‌ره‌ ده‌هێنێته‌ كایه‌وه‌.

ئه‌و روونی كرده‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ له‌ كاتی خۆیدا بوو و هه‌نگاوێكی زۆرباشه‌ بۆ بووژانه‌وه‌ی بازاڕ، چونكه‌ زۆرینه‌ی ره‌ھای خه‌ڵكی ھه‌رێمی كوردستان حه‌زیان لێیه‌ خۆیان ببنه‌ خاوه‌ن یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون، ھه‌ر خانوویه‌ك كه‌ دروست ده‌كرێت له‌ 20 لایه‌نه‌وه‌ ده‌رفه‌تی كاركردن ده‌ڕه‌خسێنێت.

ئه‌م بڕیاره‌ جووڵه‌ی باش ده‌خاته‌ بازاڕی كرین و فرۆشتنی زه‌وی
عه‌لی ئیبراھیم گوتی، ئه‌م بڕیاره‌ جووڵه‌ی باش ده‌خاته‌ بازاڕی كرین و فرۆشتنی زه‌وی له‌ ھه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ زیاتر له‌ 30  ملیار دینار له‌ گه‌نجینه‌ی ماڵه‌كان ھه‌یه‌ و ده‌رفه‌ت نه‌بووه‌ به‌گه‌ڕی بخه‌ن، بۆیه‌ به‌م رێیه‌ ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌ھێننه‌ ده‌ره‌وه‌ و كاری پێ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش ھۆكارێكی گرنگه‌ بۆ بووژانه‌وه‌ی ئابووریی وڵات، چونكه‌ به‌ پێدانی زه‌وی دڵنیایی ده‌درێته‌ ھاووڵاتییان بتوانن بێ ترس پاره‌ی خۆیان به‌گه‌ڕ بخه‌ن .

ئه‌و باسی له‌وه‌ش كرد، كاریگه‌رییه‌كانی بڕیاری حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان به‌گشتی دوو مانگی پێویسته‌، به‌ڵام له‌ یه‌كه‌م رۆژی بڕیاره‌كه‌، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بازاڕ ھه‌بووه‌ و ھه‌موو نووسینگه‌كانی خانووبه‌ره‌ جووڵه‌یان تێكه‌وتووه‌، پێشتر نووسینگه‌یه‌كی خانووبه‌ره‌ ئه‌گه‌ر دوو كه‌س سه‌ردانی  بكردایه‌، ئێسته‌  10 كه‌س رۆژانه‌ سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ ئه‌م بڕیاره‌ ھه‌نگاوێكی زۆر دڵخۆشكه‌ره‌ و ئومێدی بۆ خه‌ڵك گه‌ڕانده‌وه‌.

هه‌ولێر\بڵند ئیبراھیم


وشە - سلێمان تاشان