بایدن: بەرپرسیارێتی و بەڵێنمان بۆ پاراستنی ئیسرائیل ئاسنینە

:: AM:09:27:11/04/2024 ‌
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی تر لە هەڵوێستیدا بەرانبەر هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل رای گەیاند کە ئەمەریکا سوورە لەسەر پاراستنی ئیسرائیل و بەڵێن و بەرپرسیارێتییەکەی بۆ ئیسرائیل بەرانبەر هەر هێرشێکی ئێران ئاسنینە.

لەو کاتەوە کە ئیسرائیل هێرشی کردە سەر باڵەخانەی کونسوڵگەی ئێران لە دیمەشق و بەهۆیەوە لانی کەم حەوت کەس لە فەرماندەکانی قودسی سوپای پاسدران و گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ئێران کوژران، ئێران بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کردووە بەڵام هیچ هەنگاوێکی نەناوە.

هەفتەی رابردوو هەر لە سەرەتای هەفتەکەوە ئەمەریکا حاڵەتی ئامادەباشی دژی هەر جووڵەیەکی ئێران راگەیاندبوو و پێشتریش ئیسرائیل هەمان رێوشوێنی گرتبووەبەر.

ئەگەری هێرشی ئێران زیاتر لە هەر کاتێکی تر زیاد بووە
ئەگەری هێرشی ئێران زیاتر لە هەر کاتێکی تر زیاد بووە و بۆیەش جۆ بایدن لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لەگەڵ سەرۆکی ژاپۆن دوبارە پێداگری وڵاتەکەی بۆ پاراستنی ئیسرائیل لە هەر جۆرە هێرشێکی ئێران راگەیاند.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، دوێنێ خامنەیی لە تاران گوتبووی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر باڵەخانەکەیان لە دیمەشق وەک ئەوە وایە هێرشی کردبێتە سەر ئێران وبۆیەش وەڵام دەدرێتەوە.

دواتر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هەڵوێستی وەرگرت و گوتی هەر جۆرە هێرشێکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ئەوا وەڵامدانەوەی سەختی بەدواوە دەبێت و ناوخۆی ئێران دەکەنە ئامانج.


وشە - سلێمان تاشان