سەرچاوەیەک: مانگی داهاتوو مووچە بە پلەبەرزكردنەوەوە دێت

:: PM:05:07:13/04/2024 ‌

حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی لەسەری بوو لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی مووچەخۆران و ناردنی لیستەكە بۆ حكوومەتی عێراق كردی، ئەوەی ماوە كە بەغدا مووچەكان بەپێی لیستی نوێ بنێرێت.

ئەمڕۆ شەموو، 13ی نیسان، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عێراق بە "بغداد الیوم"ـی ڕاگەیاندووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لیستی مووچەی فەرمانبەرانی بە پلەبەرزكردنەوەوە ناردووە و ئەگەر عێراق پابەندی بڕیارەكانی خۆی بێت، ئەوا كۆی ئەو جیاوازییە مانگانە دەگاتە سەروو 100 ملیار دینار.

ئێستە  لەسەر حكوومەتی عێراقە مانگانە 930 ملیار دینار بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەگەر پلەبەرزكردنەوەشی بچێتە سەر، دەگاتە سەروو ترلیۆنێك دینار.

ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشی كردووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مانگی ڕابردووەوە لیستی مامۆستایانی وانەبێژێشی ناردووە و وەزارەتی دارایی عێراق خەریكی دیراسەتكردنییەتی بۆ ئەوەی لەگەڵ مووچەی مانگی داهاتوودا بینێرێت.

سەبارەت بە وادەی ناردنی مووچە بە پلەبەرزكردنەوەوە، سەرچاوەكە ئاشكرای كرد، پێشبینی دەكەین مووچەی مانگی ئایار بەپێی لیستی نوێ بنێردرێت كە ڕەچاوی پلەبەرزكردنەوە كراوە.


وشە - عەبدوڵا عومەر