نرخی زێڕ لە عێراق بە هۆكارێكی جیاواز بەرز بووەتەوە

:: PM:05:22:17/04/2024 ‌

لە ماوەی دواییدا نرخی زێڕ لەسەر ئاستی دنیا رووی لە هەڵكشان كرد، شارەزایان هۆكارەكەی بۆ زیادبوونی خواست و كڕینی لەلایەن بانكە ناوەندی و بازرگانان و ترس لە هەڵاوسان و هۆكاری تریش دەگەڕێننەوە، شارەزایەك باسی هۆكارێكی تری جیاوازی هەڵكشانی نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی عێراق دەكات.

محەمەد تەمیمی، سەرۆكی ژووری بازرگانیی پارێزگەی دیالە دەڵێت، گومانی لەسەر نییە كە زێڕ پەناگەیەكی ئارامە و گرنگترین ئامرازی خۆپاراستنە لە بازاڕەكان، چەند هۆكارێكی بابەتییانە بۆ هەڵكشانی نرخی لە بازاڕەكانی دنیا و لە عێراق هەیە، لەوانە دۆخی ناسەقامگیر، كە ئەوەش هۆكارێكی هاوبەشە، لە ماوەی دواییش خواست لەسەر زێڕ 20% زیادی كرد، بەهۆی هەڵبەز و دابەزی نرخی دۆلار.

زیاتر گوتی، هۆكارێكی تری گرنگ و رانەگەیەنراو هەیە وای كرد خواستی لەسەر كڕینی زێڕ لە بازاڕەكانی عێراق زیاتر بێت، ئەویش سپیكردنەوەی پارەی رەشە، كە كەسانێك پەنایان بۆی برد و لە سپیكردنەوە لە بواری عەقاراتەوە بەرەو كڕینی زێڕ بە پارەی رەش هاتن و بڕێكی زۆریان كڕی، چونكە بژارەیەكی خێراترە بۆ ساغبوونەوە و مەترسیی زیان و ئاشكرابوونی كەمترە بە بەراورد بە عەقارات.

سەرۆكی ژووری بازرگانی دیالە ئاماژەی كرد، بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە بازاڕەكان بەهۆی بەردەوامیی خواست و رێگرتن لە ئاستەكانی هەڵاوسان بۆ ماوەیەك بەردەوام دەبێت، هاوكات زۆرێك پشت بە بنەمای كڕینی زێڕ و وازهێنانی لە دۆلار دەبەستن، كە بەهۆی هەڵاوسانەوە بەهاكەی دادەبەزێت. 

شایەنی باسە لە ماوەی دوایی نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی عێراق هەڵكشانێكی پێوانەیی بەخۆیەوە بینی، كاتێك نرخی مسقالێك زێڕی عیار 18 گەیشتە 435 هەزار دینار و عیار 21 گەیشتە 500 هەزار دینار، عیار 22ش تا 520 هەزار دینار رۆیشت و عیار 24یش گەیشتە 565 هەزار دینار. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل