زانیاریی نوێ لەبارەی هێرشی سەر بنكە سەربازییەكەی حەشدی شەعبی لە بابل بڵاو كرایەوە

:: AM:09:00:20/04/2024 ‌
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێرش كرایە سەر بارەگایەكی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای بابل، بەپێی دواین زانیارییەكان بەهۆی ئەو هێرشەوە، حەوت قوربانی هەیە و بارەگاكەش بە تەواوەتی وێران كراوە.

ئەمڕۆ شەموو 20ـی نیسان، بەپێی هەواڵی میدیا عێراقییەكان، بەهۆی بۆردمانەكەی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ بۆ سەر بنكەی سەربازی كالسۆی حەشدی شەعبی، تا ئێستە حەوت قوربانی هەیە.

سەرچاوە تەناهییەكان باسیان لەوەش كردووە، هێرشەكە لە رێی چەند مووشەكێكی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان بووە و كراوەتە سەر بنكە سەربازییەكەی حەشدی شەعبی و بەهۆیەوە پێنج تەقینەوەی گەورە روویان داوە.

ئاشكرا كراوە، ئەو ناوەندە سەربازییەی حەشد كە كراوەتە ئامانج، هاوكات كۆگەی چەك و تەقەمەنی هێزەكانی حەشدی شەعبیش بووە لە پارێزگای بابل.

بەشێكی تری میدیاكان دەڵێن، جگە لە برینداربوونی حەوت ئەندامی حەشد، لانیكەم تا ئێستە كەسێك لە بۆردمانەكانی بنكەی سەربازی كالسۆ مردووە.

لە ماوەی كەمتر لە سێ‌ ڕۆژدا دووەم جارە ئەو شوێنە بۆردمان دەكرێت، بەهۆیەوە بە تەواوەتی وێران بووە.



وشە - رامیار جەواد