لە سێ‌ مانگدا 20 هەزار جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق تۆمار كراوە

:: AM:10:17:22/04/2024 ‌
سەرۆكی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ لە عێراق رای دەگەیەنێت، لە سێ‌ مانگی ئەمساڵ 20 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە بووە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی نیسان، فادل غەراوی سەرۆكی ناوەندی ستراتیجی بۆ مافەكانی مرۆڤ رای گەیاند، ژمارەی حاڵەتەكانی جیابوونەوە بۆ مانگی كانوونی دووەم گەیشتووەتە حەوت هەزار و 454 حاڵەت، لە ناویاندا پێنج هەزار و 611 حاڵەتی جیابوونەوەی لە دەرەوەی دادگا بووە و هەزار و 843 حاڵەتی جیابوونەوە بە بڕیاری دادوەر بووە.

باسی لەوەش كرد، مانگی شوبات چوار هەزار و 560 حاڵەتی جیابوونەوەی لە دەرەوەی دادگا و هەزار و 764 حاڵەتی جیابوونەوە بە بڕیاری دادگا هەبووە، هەروەها لە مانگی ئادار چوار هەزار و 417 حاڵەتی جیابوونەوەی لە دەرەوەی دادگا و هەزار و 805 حاڵەتی جیابوونەوە بە بڕیاری دادوەری بووە.

روونی كردووەتەوە، گرنگترین هۆكارەكانی زیادبوونی حاڵەتەكانی جیابوونەوە، بریتین لە نەبوونی كولتووری هاوسەرگیری و تێنەگەیشتن لە نێوان هاوسەرەكاندا، جگە لە توندوتیژیی خێزانی، دەستێوەردانەكانی خێزان و هاوڕێیان، هاوسەرگیریی پێشوەختە، بارودۆخی ئابووری، ناپاكی هاوسەرگیری، خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پێوەندی، لاوازیی ئیمان بە ئاینەكان، زیاتر لە هاوسەرگیرییەك هۆكاری جیابوونەوەكانن.

غەراوی داوای لە حكوومەت كرد چالاكییە ئاینی و كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەكان دەست پێ بكات، هەروەها ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاكان هەڵمەتێكی هۆشیاریی نیشتمانی بۆ كەمكردنەوەی بەرزبوونەوەی حاڵەتەكانی جیابوونەوە دەست پێ بكەن، هەروەها داوای لە حكوومەت كرد كە خانووی كەمتێچوو دابین بكات یان زەویی نیشتەجێبوون كە بە قەرزی بێ سوو بۆ ئەوانەی تازە هاوسەرگیرییان كردووە، ئەویش بۆ كەمكردنەوەی كێشەكانی نیشتەجێبوون، دابینكردنی هەلی كار و كەمكردنەوەی بێكاری.



وشە - رامیار جەواد