مووسڵ.. زاوایەك كوژرا كە بڕیار بوو سبەی هاوسەرگیری بكات

:: PM:09:23:01/05/2024 ‌
سەرچاوەیەكی پۆلیس لە پارێزگای نەینەوا ئاشكرای كرد كە بۆ دووەم رۆژ و لەسەر یەك بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتییەوە، دووەم زاوا لە موسڵ كوژرا. 

ئەمڕۆ چوارشەم یەكی ئایاری 2024، ماڵپەڕێكی عێراقی لە سەرچاوەیەكی پۆلیسی نەینەوا گواستوویەتییەوە، زاوایەك كە بڕیار بوو سبەی ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەنجام بدات، لەلایەن خاوەن نانەواخانەیەكەوە لە بەری چەپی مووسڵ بەهۆی دروستبوونی دەمەقاڵییەوە كوژراوە و مامیشی بریندار كراوە.

سەرچاوەكەی پۆلیس لە كەسوكاری نزیكی زاوایەكە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە هەموو ئامادەكارییەك كرا بوون بۆ ئەوەی سبەی ئەم زاوایە ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەنجام بدات.

جێگەی ئاماژەیە، ئەمە دووەم حاڵەتە لە دوێنێوە كە دوو زاوا لە پارێزگای نەینەوا ببنە قوربانی دەمەقاڵێ و كێشەی كۆمەڵایەتییەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل