شارەزایەك: بوومەلەرزەیەكی بەهێز بەڕێگەوەیە

:: PM:09:27:23/04/2024 ‌

دوای ئەوەی لە 8ی ئەم مانگە دیاردەی خۆرگیران رووی دا، چەند دیاردەیەكی سروشتی روویان لە چەند ناوچەیەكی دنیا كرد، ئەوەش رەنگە ئەو پرسیارەی دروست كردبێت ئاخۆ پێوەندیی نێوان خۆرگیران و دیاردە سروشتییەكان چییە؟، شارەزایەكی جیۆلۆجیا ئەوە روون دەكاتەوە و دووپاتی دەكاتەوە كە پێشبینی بوومەلەرزەیەكی بەهێز لە هەفتەی داهاتوو دەكرێت.  

د.عەباس شراقی، مامۆستای جیۆلۆجیا لە زانكۆی قاهیرە دەڵێت، چەند بەڵگەیەك هەیە بەوەی هەفتەی داهاتوو بوومەلەرزەیەك بە گوڕی تا شەش پلە بە پێوەری رێختەر لە وڵاتی ئیدۆنیسیا روو دەدات. 

روونی دەكاتەوە، كاتێك مانگ و زەوی و خۆر دەكەونە سەر یەك هێڵ، زەوی دەكەوێتە ناو بواری كێشكردنی هەردووكیان، بۆیە زەوی دەكەوێتە ژێر كاریگەرییەكی بەهێزی راكێشان، بەڵام دروستبوونی رەشەبا و لافاو پێوەندیی بە دیاردەی خۆرگیرانەوە نییە، بۆ نموونە ئەوەی بەم دواییە لە دوبەی رووی دا، پێوەندیی بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ئاوی دەریا و زەریاكان و بەهەڵمبوونی ئاوەوە هەبوو.  

زیاتر دەڵێت، بوومەلەرزە بەهۆی گۆڕان و جووڵانەوەی چینی تكتۆنی زەوییەوە روو دەدات، نەك بەهۆی هێزی راكێشانی زەوی بەهۆی خۆرگیرانەوە، دووپاتی كردەوە كە بەپێی خەمڵاندنەكان لەسەر بنەمای ئەو گۆڕانكارییانەی هەن، پێشبینی دروستبوونی بوومەلەرزە لە چەند ناوچەیەكی دنیا هەیە، لەوانە بە رێژەی 90% و بە گوڕی شەش پلە لە هەفتەی داهاتوو لە ئیندۆنیسیا، جیا لە باران لە هەندێك ناوچەی وەك ئەفریقیا.

ئەو شارەزایە جیۆلۆجییە دووپاتی دەكاتەوە كە هەروەها پێشبینی روودانی بوومەلەرزە بە رێژەی 100% لە زەریای هێمن لە هەفتەی داهاتوو دەكرێت، ئەوەش لەسەر بنەمای چاودێریی گۆڕانكاری لە چینەكانی زەوی و جووڵە و چالاكیی رۆژانەیان.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل