ئیسرائیل: نیوەی فەرماندە مەیدانییەكانی حزبوڵامان كوشتووە

:: PM:05:41:24/04/2024 ‌

جیا لەو شەڕەی لە غەزە لە نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی هەیە، شەڕێكی رانەگەیەنراو لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لبنانی بەردەوامە، ئەوان رۆژانە یەكتر دەكەنە ئامانج، بەتایبەتی ئیسرائیل، گورزی گەورەی لە حزبوڵا داوە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژە دەكات كە تا ئێستە نیوەی فەرماندە مەیدانییەكانی ئەو حزبەیان لە لبنان كوشتووە.

یواف گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە میانی سەردانێكی بۆ فەرماندەیی ناوچەی باكور لەگەڵ لبنان گوتی، هێزەكانمان هێرش دەكەنە سەر تەواوی باشووری لبنان و تا ئێستە نیوەی ژمارەی فەرماندە مەیدانییەكانی حزبوڵامان لەناو بردووە، ماوەی داهاتووش دۆخەكە یەكلا دەكەینەوە.

میدیاكانی ئیسرائیل لە وەزیری بەرگریی ئیسرائیلیان گواستەوە كە ئەوانەی كوژراون بەرپرس بوون لە هێرشەكان بۆ سەر ئیسرائیل و خواستی ئازاردانی هاووڵاتییانی ئیسرائیلیان هەبوو، بۆیە نیوەی ژمارەی ئەوانمان كوشتووە و نیوەكەی تریشیان خۆیان حەشار داوە و باشووری لبنانیان بۆ هێرشەكانی سوپای ئیسرائیل جێ هێشتووە، مەبەستی ئێمە لەو هێرشانە گەڕاندنەوەی ئاوارەكانی باكوری ئیسرائیلە بۆ ناوچەكانیان و ماوەی داهاتووش یەكلای دەكەینەوە.

هاوكات لەگەڵ ئەو قسانەی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتە رای گەیاند كە لە ماوەی چەند خولەكێكدا لە شارەدێی عیتا 40 ئامانجی حزبوڵایان لە رێگەی فڕۆكە و تۆپخانەكان بۆردمان كردووە و ژێرخانی سەربازیی حزبوڵایان كردووەتە ئامانج. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل