عێراق و توركیا ناوەندێكی هاوئاهەنگی لە دژی پەكەكە پێكدێنن

:: PM:08:00:24/04/2024 ‌

یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی سەردانەكەی دوایی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بۆ عێراق رووبەڕووبوونەوەی چالاكییە سەربازییەكانی پەكەكە بوو لە ناو خاكی عێراق، كە توركیا بە هەڕەشەی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دادەنێت، لەو سەردانەدا یاداشتێك لەوبارەوە واژوو كرا، وەزیری بەرگریی توركیاش دووپاتی دەكاتەوە كە ناوەندێكی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە دژی پەكەكە لەگەڵ عێراق پێكدێنن.

یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا لە لێدوانێكی لە پەرلەمانی توركیا دەڵێت، هەریەك لە توركیا و عێراق بڕیاریان داوە بە دامەزراندنی ناوەندێكی ئۆپراسیۆنی هاوبەش و بەیەكەوە كار دەكەین بزانین چیمان پێ دەكرێت، دوای ئەوە ئەركی ناوەندەكە دیاری دەكرێت.

هەر پێوەست بەو بابەتە رۆژنامەی "سەباح"ی نزیك لە حكوومەتی توركیا رای گەیاند كە هەردوو وڵات خەریكی هاوێشتنی هەنگاوی كردەنین لە دژی پەكەكە و بڕیارە لە كۆتاییەكەی توركیا بەپێی گونجاویی دۆخی كەشوهەوا، دەست بە ئۆپراسیۆنێكی نوێی سەربازیی زەوینی لە دژی پەكەكە لە عێراق بكات و ناوچە پارێزراوەكان فرەوانتر بكات، ئەوەش بە مەبەستی كۆنترۆڵكردنی ناوچەیەك تا قووڵایی 30 كیلۆمەتر بە درێژایی سنوورەكانی توركیا و عێراق.  

ئاماژەی كرد، هەروەها توركیا دەیەوێ سنوورەكانی نێوان عێراق و سووریا تۆكمە بكات، بۆ رێگرتن لە پەڕینەوەی چەكدارانی پەكەكە و نەهێشتنیان لە گارە و قەندیل و مەخموور و ئاسۆس، بەڵام هەڵوێستی ئێران و میلیشیاكانی بۆ سەركەوتنی ئەو هەوڵانە گرنگە.

بەپێی رۆژنامەكە ئەگەر سیاسەتی نوێی توركیا لە عێراق سەركەوتوو بێت، گورزێكی گەورە بە پەكەكە دەكەوێت، ئەو گرووپە توانای گواستنەوەی لە نێوان شنگال و فیشخاپوور لە نێوان عێراق و سووریا نامێنێت، ئەوەش دەبێتە سەرەتایەك بۆ ستراتیجیەتی توركیا بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل