پایەتەختی تاوان لەناو بەغدا.. لە بەتاوین چی دەگوزەرێت؟

:: PM:08:28:27/04/2024 ‌

لە عێراق هێزە تەناهییەكانی ئەو وڵاتە زیاتر بۆ نمایش ئۆپراسیۆنی گەورە دەكەن، ئەوان ناتوانن پەنجە بخەنە سەر ئازارەكە و بە لای باندەكانی تاوان و تاوانبارانی راستەقینە بچن، چونكە میلیشیاكان لەپشت ئەوانەوەن، بۆیە هێزە تەناهییەكانی عێراق لە ترسان چاوپۆشی و بێدەنگی  دەكەن، یان بەهۆی دەستتێكەڵكرن و وەرگرتنی پارە وەك پێویست رۆڵیان نییە، ناوچەی بەتاوین لە بەغدای پایەتەخت، یەكێكە لە كۆنترین ناوچەكانی ئەو شارە، بووەتە مۆڵگەی تاوان و مادەی هۆشبەر و كوشتن و رفاندن، وەك پایەتەختی تاوان و شێرپەنجەی پایەتەختی لێ هاتووە.  

ئەحمەد برێسم، شارەزای تەناهی دەڵێت، ئەو هەڵمەتە تەناهییەی هێزە تەناهییەكان لە ناوچەی بەتاوین لە ناوەڕاستی بەغدا ئەنجامی دەدەن، بۆ نەهێشتنی رژێنە شێرپەنجەییەكانە لە بەغدا، بەتاوین ناوچەیەكی گرنگە، بەڵام ساڵانێكە بووەتە كانگا و مۆڵگەی بازرگانی مادەی هۆشبەر و كاری بەدڕەوشتی و لە سۆشیال مدیا چەندان وێنە تۆماری ڤیدیۆیی لەو بارەوە هەیە، كە بەشێكی كەمی ئەو دنیا رەشە و كۆڵانەكانی پێشان دەدەن. 

زیاتر دەڵێت، لاوازیی حكوومەتەكان و ئەو گوشارە تەناهییانەی هەن، وایان كردووە بەتاوین ببێتە شێرپەنجەیەك و هەڕەشە لە بەغدا بكات، بەتایبەتی ئێستە بووەتە ناوەندێكی سەرەكیی بۆ دابەشكردنی مادەی هۆشبەر و حەشارگەیەك بۆ تۆمەتبار و هەڵاتووەكان لە یاسا لە چەندان پارێزگەی تری عێراق، جیا لە سەرچاوەی هەڵكشانی دیاردەی كوشتن و دزی و بەدڕەوشتی لە بەغدا لە ساڵانی دوایی.

بەپێی راپۆرتێك، ئێستە ناوچەكە كۆتێكی توندی تەناهی بە دەورەوە دروست كراوە، كەس ناچێتە ناوی و كەسیش لێ ناچێتە دەرەوە، ئەو ناوچەی بە دنیای ژێرەوە و نادیاری بەدڕەوشتی و دروستكردن و بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر و تاوانی رێكخراو دەناسرێت، ساڵانێكە خراوەتە ژێر چاودێرییەكی توندی تەناهییەوە و ئۆتۆمبێلەكانی پۆلیس رۆژانە خەریكی گواستنەوەی تاوانبارانن بە كۆڵانەكانیان، كە دەیان كۆڵانی تەسك و كۆن لەخۆ دەگرێت و تا ئێستە 400 كەس لەوێ گیراون.

ناوچەی بەتاوین كەوتووەتە نێوان شەقامەكانی ئەو نەواس و رووباری دیجلە لە رۆژئاوا و گۆڕەپانی تەحریر لە باكور و ناوچەی كەرادە لە باشوور و چەند مەترێك لە كۆتەڵی ئازادییەوە دوورە، هۆڵی سینەما و هوتێل و نووسینگەی كۆمپانیای گەورە و دووكانی تیادایە، لە شەقامی سەعدوون كە لە گۆڕەپانی فیردۆسەوە تا گۆڕەپانی تەحریر شەقی دەكات، كۆڕەپانی نەسریش لە ناوەڕاستی شەقامەكەیە كە گەورەترین كۆمەڵگەی پزیشكی تیادایە.

لە كۆندا ناوچەكە نموونەی جۆراوجۆری و بەیەكەوەژیانی پێكهاتە جیاجیاكانی عێراق بوو لە كورد و كریستیان و موسڵمان و جوو، بەڵام لە سەرەتای نەوتەكانی سەتەی رابردوو خەڵكەكەی رۆیشتن و ناوچەكە بووە شوێنی گەنجانی هاتوو لە ناوچەكانی تر بۆ كاركردن، ئێستە خانووەكانی زۆرینەی رووخاو و كۆنن و پڕە لە زبڵ و خاشاك و بۆنی ناخۆشی لێوە دێت، بۆیە بووەتە دەوڵەتێكی بچووك كە بازرگانانی قەدەغەكراوەكان فەرمانڕەوایەتی دەدەن.  

دەیان چیڕۆك لەبارەی بوونی باندەكانی مادەی هۆشبەر و تاوانی رێكخراو و بازرگانانی ئەندامی جەستەی مرۆڤ و بەدڕەوشتی و سواڵ و هیتریش لەوێ هەیە، جیا لە بوونی چەندان یانەی شەوانەی بێمۆڵەت، وەك ناوچەیەكی لە دەرەوەی یاسا و دەسەڵاتە وەك خەڵكی ناوچەكە دەڵێن، سەرچاوەیەكی تەناهیش ئاماژە دەكات كە چەند باندێك كۆنترۆڵی دۆخی تەناهیی ناوچەكە و مامەڵەكردن لەگەڵ فەرماندە تەناهییەكان و پاسەوانانی حزبی دەكەن لە رێگەی ئەو گەندەڵییەی لە شەقامەكانی ئەو ناوچەیە هەیە.  

عەقیل تائی، شارەزای تەناهی و ستراتیجی دەڵێت، ناوچەی بەتاوین بووەتە شوێنێكی ئارام بۆ باندەكانی رفاندن و بازرگانانی مادەی هۆشبەر و بەدڕەوشتی و بازرگانانی ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ، جیا لە شوێنی كۆبوونەوەی سواڵكەران، كەسانی پێشێلكار لە رەگەزە جیاجیاكانی بیانیش دەچنە ناوچەكەوە، ئەوەش بەهۆی نەبوونی چاودێری لەسەریان، واتە لە رووی ڤیزە و نووسراوی مانەوە، بۆیە بەرانبەر بڕێك پارە لە هوتێلەكان دەمێننەوە، لەو ناوچەیە چەندان ژێرزەمین و حەشاركەی وای تیادایە و وەك شوێن و نووسینگەی بەدڕەوشتی و بازرگانی ئەندامی جەستەی مرۆڤ بەكاردێت، هەندێكیشی وەك كارگەی دروستكردنی مادە هۆشبەر.

روونی كردەوە، جیا لەوانە لەو ناوچەیە لە بۆنە ئاینییەكانیش مەشرووب دەست دەكەوێت، جیا لە مادەی هۆشبەر و شوقە بۆ ئاهەنگی شەوانە و بەدڕەوشتی، بە گشتی هەموو شتێكی قەدەغەكراو لەوێ هەیە، تەنانەت هاوڕەگەزخواز و رەگەزگۆڕاوەكانیش شوێنیان لەو ناوچەیە هەیە، تەنانەت باشترین شوێنە بۆ ئەوان كە خۆیان تیایدا دەشارنەوە و كاری خۆیان دەكەن، بۆیە ناوچەكە بووەتە شوێنێكی ئارام بۆ مێرمنداڵ و ئەوانەی لە كەسوكاریان هەڵاتوون لە هەردوو رەگەز، لەوێ دوای فێركردنی دزی و بڵاوكردنەوەی مادەی هۆشبەر و سۆاڵكردن، بڕێك پارەیان پێ دەدرێت. 

"ژمارەیەك كارمەندی تەناهی لە ناوچەكە هەن كە هاوكاریی خاوەن دوكانەكان فرۆشتنی مەشرووب دەكەن، ئەوان زانیارییان لەبارەی داواكراو و بازرگانانی مادەی هۆشبەر هەیە، كەچی بەرانبەر پارەیەكی زۆر رێگە بە كاركردنیان دەدەن" عەقیل تائی، شارەزای تەناهی وا دەڵێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل