رێواس فایەق سێ لاندكرۆزەر و دوو خانوو و ژمارەیەك چەكی پەرلەمانی نەداوەتەوە

:: PM:02:31:28/04/2024 ‌
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، تا ئێستە ئەو كەرەستە و ئۆتۆمبێلانەی نەداوەتەوە كە موڵكی پەرلەمانن و تەنیا لە ماوەی خزمەتدا بۆیان هەیە بەكاری بێنن.

بەپێی بەدواداچووونەكانی "وشە" رێواس فایەق سەرۆكی پێشووی پەرلەمان، بە دیاریكراوی "سێ ئۆتۆمبێلی جۆری لاندكرۆزەر، دوو خانووی نایاب، ژمارەیەك دەمانچە و چەك"ی پەرلەمانی لا ماوە و تا ئێستە نەیداوەتەوە.

"وشە" زانیویەتی رێواس فایەق تا ئێستە هیچ وادەیەكیشی دیاری نەكردووە كە فەرمانگەكانی پەرلەمان ئاگادار بكاتەوە، "كەی" موڵكەكانی پەرلەمان دەگەڕێنێتەوە. لە كاتێكدا موڵكی گشتین و هەموو ئەوانەی لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بوون و پەرلەمانتارانیش، خانوو و ئۆتۆمبێلیان گەڕاندووەتەوە بۆ دیوانی پەرلەمان.

رێواس فایەق سەرۆكی پێشووی پەرلەمان، دوای ئەوەی تەمەنی خولەكەی بۆ ماوەی ساڵێك درێژ كردەوە، دادگای بەناو فیدراڵی، بڕیاری خانەنشینكردنی پەرلەمانتارانی دا و كۆتایی بە خولی سەرۆكایەتیی رێواس فایەق هێنا.

بەپێی زانیاریی "وشە" بووە بە نەریت لە پەرلەمانی كوردستان، ئەوانەی دەبن بە پەرلەمانتار خانوو، ئۆتۆمبێل و پاسەوانیان بۆ دابین دەكرێ تا خولی پەرلەمان تەواو دەبێت، دواتر دەبێت هەمووی بدەنەوە دیوانی پەرلەمان، بەڵام ئەوە نزیكەی ساڵێكە ئەم هەرچەندە دەوامی نییە و لە ماڵەوە كاروباری سیاسیی خۆی دەكات، بەڵام كەرەستەكانی پەرلەمانی نەگەڕاندووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی رێواس فایەق خۆیشی یاسای خوێندووە. 

پێشتر پەرلەمانتارانی كوردستان، ئۆتۆمبێلەكان دەبوو بە موڵكی خۆیان و وەك دیاریی پەرلەمان بوو، بە 80%ی مووچەكەیشیان كە خانەنشین دەبوون، سەرووی شەش ملیۆن دیناری دەكرد بۆ هەموو تەمەنیان، بەڵام بەرنامە چاكسازییەكانی كابینەی نۆ ئەوەی نەهێشت و خانەنشینییەكەی دابەزاند بۆ 15%، لە پەرلەمان بوو بە یاسا و ئۆتۆمبێلیش هەر پەرلەمانتارێك وستبێتی بە پارەی خۆی كڕیویەتی و ئەوەی هی پەرلەمانی لابێت، گەڕاندوویەتیەوە.



وشە - تایبه‌ت