ئەو كەسانە لە زۆر خواردنی شووتی وریا بن

:: PM:11:27:28/04/2024 ‌

شووتی یەكێكە لە میوە هاوینییە زۆر بڵاوەكان كە بە ئاو و مادە خۆراكییەكانی تر دەوڵەمەندە، ئەوەش وای كردووە خەڵك زۆر رووی تێ بكات و هاوینان زۆری لێ بخوات، چەند توێژینەوەیەكی نوێ ئاماژە دەكەن كە زۆر خواردنی شووتی بۆ هەندێك كەس زیانی هەیە.

ماڵپەڕی "نیو ئەتڵەس"، باسی ئەوە دەكات كە سێ توێژینەوە ئەوەیان دەرخستووە كە شووتی بڕێكی زۆر پۆتاسیۆمی تیادایە و كێشەی نەخۆشانی درێژخایەنی گورچیلە "CKD" زیاتر دەكات، ئەو نەخۆشییە هەموو حاڵەتەكان دەگرێتەوە كە كار لە توانای گورچیلەكان لە پاككردنەوەی خوێن دەكەن.

كێشەكە لەوەدایە كە نۆ بۆ 10 لە كەسانی تووشبوو بەو نەخۆشییە بە تووشبوونیان نازانن و تەنیا لە قۆناغە پێشكەوتووەكان دێتە ئاشكراكردن، رێژەی پۆتاسیۆم لە خوێنی مرۆڤی ئاسایی لە نێوان 3.6 و 5.2 ملیمۆڵ/ لیترە، بۆیە بەهۆی زیادبوونی رێژەكە مەترسی بۆ سەر ئەوانە زیاد دەكات، كە خۆیان كێشەی زۆریی رێژەی پۆتاسیۆمیان لە خوێندا هەیە و نیشانەشیان نییە و هەستی پێ ناكەن.

پۆتاسیۆم لە میوەكانی تریش هەیە، وەك قەیسیی وەشككراوە و خۆخ و مێوژ و شەربەتی پرتەقاڵ، هەرچی مۆزە یەكێكە لە دەوڵەمەندترین میوە بە پۆتاسیۆم، جیا لەوانە لە پەتاتە و سپێناغ و تەماتە و قەنابیت هەیە.

 لە 2023 رێكخراوی تەندرۆوستیی جیهانی رێنوێنی بە كەسانی پێگەیشتوو دا بە زیادخواردنی پۆتاسیۆم لە خۆراكیان تا 3510 ملیگرامی رۆژانە، بەڵام سەرەڕای ئەوە پێویستە لە زۆر خواردنی وریا بین، چونكە زیانی هەیە و هەڕەشەیە بۆ سەر بەشێك لە مرۆڤەكان، بەتایبەتی هەر كوزێك شووتی 320 ملیگرام پۆتاسیۆمی لەخۆ گرتووە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل