شەهێن رەشید: هاوسەرگیری میسیار یاسایی نییە

:: AM:10:56:29/04/2024 ‌
پارێزەرێك رای دەگەیەنێت، هاوسەرگیریی میسیار یاسایی نییە و لە یاساكانی هەرێمی كوردستان و عێراق باسی ئەو هاوسەرگیرییە نەكراوە.

ئەمڕۆ دووشەم 29ـی نیسان، شەهێن رەشید پارێزەر، لەبارەی هاوسەرگیریی میسیار بە "وشە"ـی راگەیاند، دەبێت بزانین ناوی میسیار لە  گەڕان  و سەفەركردنەوە هاتووە، بۆیە پیاوەكان لە شوێنە جیاوازەكانی نیشتەجێبوونیاندا، هاوسەرگیرییان كردووە، هاوسەرگیریی میسیار لە كاتێكدایە پیاو گرێبەستێك لەگەڵ ژنێكدا دەكات كە پایە و مەرجەكانی جێبەجێ دەكات، بەڵام تێیدا ژنەكە دەستبەرداری زۆر لە مافەكانی دەبێت، وەك شوێنی نیشتەجێبوونی و نەفەقە و میرات.

باسی لەوەش كرد، ژن لەو جۆرە هاوسەرگیرییە مافەكانی فەراهەم نابێت، پێشێلی تەواوی ئەو مافانە دەكرێت كە یاسا و عورف و ئاین بۆی داناوە.

بەگوتەی ئەو پارێزەرە، لە یاسای باری كەسی عێراقی و یاسای هەمواركراوی هەرێمی كوردستان، بە هیچ شێوەیەك باس لە هاوسەرگیریی میسیار نەكراوە، جا ڕێپێدراو بێت یان قەدەغە، بەڵام بەپێی یاسای ژمارە 15 ساڵی 2008 لە كوردستان، هەمواركراوی یاسای باری كەسی عێراقی، ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە یاسایی نییە.

"لە شەرع هەندێك لە فەقێیەكانی سوننە بە دروستی دەزانن، هەندێكی تر بە قێزەونی دەزانن، بەڵام ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2022 ڕای گەیاند، هاوسەرگیریی میسیار لەگەڵ ئامانجەكانی هاوسەرگیری و دابونەریتی كۆمەڵگەی كوردیدا یەك ناگرێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە قبووڵكراو نییە"، ئەو پارێزەرە وای گوت.



وشە - رامیار جەواد