فازڵ نەبی: ئەم هەفتەیە پارەی مووچەی مانگی چوار بێ هیچ كێشەیەك دەگات

:: PM:05:33:29/04/2024 ‌

ئێستە شاندێكی تەكنیكیی هەرێمی كوردستان لە بەغدایە، ئەوان تاوتوێی چارەسەركردنی چەند پرسێكی هەڵپەسێردراو لە نێوان هەولێر و بەغدا لە سایەی ئەو لێكنزیكبوونەوەی هەیە دەكەن،  بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق باسی كاری لیژنەكەی هەرێم و چارەسەری كێشەكان دەكات، دووپاتی دەكاتەوە كە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا مووچەی مانگی چوار بێ هیچ كێشەیەك دەگات.

فازڵ نەبی، بریكاری پێشووتری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی باسی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە هاوشێوەی فەرمانبەرانی پارێزگەكانی عێراق دەكات، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە دەبێت بەغدا مانگانە بڕی 950 ملیار دینار رەوانەی هەرێم بكات، كە ئەوە لە یاسای بودجەشدا هەیە. 

روونی كردەوە، لە بابەتی بەجێكردنی مووچە، باسی بانكە فیدراڵییەكان كراوە، كە ئێستە ئەو بابەتە كێشەی لەسەرە، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی فەرمانبەرانی لە بانكە تایبەتەكانی هەرێم بەجێ كردووە، كێشەیەكی تریش هەیە، ئەویش دەبێت حكوومەتی هەرێم داهاتە سیادییەكان بداتە بەغدا، كە حكوومەتی هەرێم بڕیاری داوە داهاتەكانی بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی رەوانە بكات، ئێستەش شاندێكی تەكنیكیی هەرێم لە بەغدایە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانە. 

فازڵ نەبی باسی لەوەش كرد، سەبارەت بە بابەتی بەجێكردنی مووچە، گفتوگۆیەكی رژد بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی ناوەند هەیە كە هەردوولا رازی بكات، سەبارەت بە مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەرانی هەرێم، لە ماوەی ئەم هەفتەیە بێ هیچ كێشەیەك رەوانە دەكرێت، بۆ مانگەكانی تریش، چارەسەرێكی ناوەند بۆ بابەتی بەجێكردن دەدۆزرێتەوە كە هەمووان رازی بكات.

دوێنێ پەرلەمانتارێكی پێشووی كوردستان رای گەیاند كە بابەتی رەوانەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕیارێكی دادگای لەبارەوە هەیە و رێككەوتن لە نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵیش لەباریەوە هەیە، بۆیە هیچ بەربەستێك لەبەردەم رەوانەكردنی پارەی مووچەدا نییە.

ئاشكرای كرد، وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی فەرمانبەرانی رەوانەی بەغدا كردووە و كۆبوونەوەی شاندی حكوومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەردەوامە، بۆیە مووچەی مانگی چوار خەرج دەكرێت، دوای گەیشتنی پارەكە وەزارەتی دارایی هەرێم لە ماوەیەكی كەم مووچە دابەش دەكات، بۆیە پێشبینی هەیە دوای تەواوبوونی لێوردبوونەوە لە لیستەكان لە ماوەی ئەو هەفتەیە مووچە بدرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل