بڕیارە یەكشەمی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دانیشتنێكی نائاسایی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی خشتە داراییەكانی بودجەی 2024 ساز بكات، ئەو خشتانەی شەش مانگە دوا خراون، چونكە دەبوایە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندیان بكات و رەوانەی پەرلەمانیان بكات بۆ پەسندكردنی، شارەزایەكی ئابووری حیساباتی دارایی عێراق لە چواریەكی یەكەمی 2024 ئاشكرا دەكات.
د. نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری و مامۆستای زانكۆ لە پۆستێكی لە فەیسبووك نووسیویەتی، حیساباتی دارایی لە یەكەم چواریەكی ساڵی 2024 بەم شێوەیە بوو، خەرجییە گشتییەكان 25.770 ترلیۆن دینار و خەرجییەكانی بەكارخستن 23.179 ترلیۆن دینار، لەوانە 18.347 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و تۆڕی چاودێریی كۆمەڵایەتی، كە دەكاتە 79%ی خەرجییەكانی بەكارخستن.
روونی كردەوە، خەرجییەكانی وەبەرهێنان 1.897 ترلیۆن دینار، بەو شێوەیە خەرجییەكانی بەكارخستن 90%ی كۆی پارەكە پێك دێنێت و خەرجییەكانی وەبەرهێنانیش 10%، تەنیا 98.8 ملیار دینار لە پارەی پترۆدۆلار، كە دوو ترلیۆن دینارە خەرج كراوە، واتە رێژەی خەرجكردن لە 5% زیاتر نەبووە.
سەبارەت بە پڕۆژەكان و بودجەی تەرخانكراو بۆیان، مەرسوومی نووسیویەتی، تا ئێستە پڕۆژەكان بەهۆی نەگەیشتنی خشتە داراییەكان پەكیان كەوتووە، هەر بەهۆی ئەو خشتانەوە بودجەی سێ ساڵی بووەتە ساڵانە و تا ئێستە حكوومەتی خشتەكانی رەوانەی پەرلەمان نەكردووە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی خەریكە نیوەی یەكەمی ساڵ كۆتایی دێت.