عێراق دوو لیژنە بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێم پێك دێنێت

:: PM:05:30:04/05/2024 ‌

وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ساڵێكی تێپەڕ كرد، كاتێك لە 25ی ئاداری 2023 بە بڕیارێكی دادگای ناوبژیوانیی پاریس هەناردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا وەستا و تا ئێستە دەستی پێ نەكردووەتەوە، ئەمڕۆ وەزیری نەوتی عێراق ئاشكرای كرد كە دوو لیژنەیان لەگەڵ هەرێم بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە پێك هێناوە.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق گوتی، توانای بەرهەمهێنانی ئێستەی هەرێمی كوردستان 375 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەیە، 46 هەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگەكان دەچێت، 329 هەزار بەرمیلیش پێویستە رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بكرێت، بۆ ئەوەی لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بكرێت.

روونی كردەوە، دوو لیژنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان پێك هێنراون یەكێكیان تەكنیكی و ئەویتریان یاسایی، ئەوەش بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكان لە ماوەی ئەم هەفتەیە و چارەسەركردنی كێشەكان بە شێوەیەكی كۆتایی، بۆ ئەوەی نەوتەكە لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە بكرێت، بۆیە لە ماوەی ئەم هەفتەیە گفتوگۆكان لە رێگەی ئەو لیژنانەوە بەڕێوە دەچن، كە نوێنەری هەردوو وەزارەتی نەوت و سەرچاوە سروشتییەكانی تیادایە و دانوستان دەكەن. 

وەزیری نەوتی عێراق دووپاتی كردەوە، نیازەكان بە ئاراستەی چارەسەربوونی كێشەكان و رادەستكردنی نەوتەكەیە بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی كۆمپانیای سۆمۆ بەرپرس بێت لە هەناردنی تەواوی نەوتی عێراق بۆ دەرەوە.

شایەنی باسە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوت لەسەر داوای عێراق وەستاوە و هەر حكوومەتی عێراقە دەتوانێت دەست بە هەناردن بكاتەوە، بەتایبەتی كە توركیا و هەرێم و كۆمپانیاكانی نەوت ئامادەیی خۆیان بۆ دەستكردن بە هەناردن دووپات كردووەتەوە، بەڵام بەغدا دەیەوێ دەست لە تەواوی پرۆسەكە وربدات و بەو جۆرە هەناردن دەست پێ بكاتەوە كە تەنیا لە بەرژەوەندیی خۆی بێت، ئەو دواخستنەش بۆ رازیكردنی هەمووانە بە مەرجەكانی خۆی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل