ئەندامێكی پارتی: ئێستە بانكی تی بی ئای بەشێكە لە پڕۆژەی هەژماری من

:: PM:09:44:05/05/2024 ‌

پێ دەچێت بابەتی بەجێكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بەرەو چارەسەركردن بێت، ئەوەش دوای هاتنی بانكی بازرگانیی عێراق "تی بی ئای"، بۆ ناو پڕۆژەی "هەژماری من"، بۆ بەجێكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ماوەیەكی دەستی پێ كراوە، ئەندامێكی پارتی دووپاتی كردەوە كە هەولێر و بەغدا لەسەر بەشداریكردنی ئەو بانكە لە بەجێكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم رێك كەوتوون.

وەفا محەمەد كەریم، ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە دەكات كە حكوومەتی هەرێم داوای لە بانكی ناوەندی و وەزارەتی دارایی فیدراڵ كردووە بۆ زیادكردنی لقەكانی بانكی بازرگانیی عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بكات، بۆیە ئێستە ئەو بانكە هاتووەتە ناو پڕۆژەی "هەژماری من" و بەشدارێكی سەرەكییە تیایدا.

روونی كردەوە، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم كە زیاتر لە ملیۆنێكە، ئەو پرۆسەیە پێویستی بە كات هەیە و رەنگە دەوروبەری دوو مانگی بوێت، بۆیە پێویستە تا ئەو كاتە مووچەی فەرمانبەران خەرج بكرێت.

شایەنی باسە پڕۆژەی "هەژماری من"، كە یەكێكە لە پێشكەوتووترین سیستمەكانی بانكی و چەندان تایبەتمەندی هەیە، لەلایەن نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم بە هاوئاهەنی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە جێبەجێ دەكرێت و بە ئاگەداری حكوومەتی فیدراڵ و بانكی ناوەندی عێراقە، تا ئێستە پێنج بانك لەو پڕۆژەیە بۆ بەجێكردنی مووچەی مووچەخۆران بەشدارن، ئەوانیش "IIB، وBBAC Bank، وRT Bank، وNBI، وCihan Bank"ن و هەر هەموویان لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقەوە ددانیان پێدا نراوە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل