سبەی دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان دەكرێت

:: PM:11:41:14/05/2024 ‌

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە سبەی چوارشەم دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكرێت، ئەوەش دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵ دووپاتی كردەوە كە پارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیان بۆ مانگی نیسان رەوانە كردووە.

بەپێی راگەندراوێكی وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێم، نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەم نزیكەی 168 ملیار دینار بە سێ گوژمە وەك شایستەی مووچەی مانگی نیسانی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانی هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عێراق لەلایەن وەزارەتی دارایی حكوومەتی فیدراڵەوە خرایە سەر هەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان.                                                              

لە راگەیەندراوەكە دووپات كراوەتەوە كە سبەی چوارشەم دەست بە دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان دەكرێت، مووچەی ئەو چین و توێژانە دابەش دەكرێت كە لە بەغداوە تەمویلەكانیان گەیشتووە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل