دیناری ساختە بازاڕی تەنیوە

:: PM:05:04:23/05/2024 ‌

بەپێی ڕاپۆرتێكی میدیایی عێراقی، دیناری ساختە بازاڕەكانی تەنیوە و خەریكە مەترسیی گەورە دروست دەكات و بازاڕ و دوكاندارانی خستووەتە دۆخێكی دڵەڕاوكێوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم، 23ی ئایار، تەلەفزیۆنی "سۆمەرییە"ی عێراقی ڕاپۆرتێكی بڵاو كردەوە، تێیدا باس لە گرفتی هاووڵاتییان دەكات بەدەست دیناری ساختەوە، كە بە شێوەیەكی فراوان بازاڕە ناوخۆییەكانی عێراقی تەنیوە و خاوەنی بازاڕگەكانیش دەڵێن، هێندە لە ڕاستییەكە دەچێت، ناتوانین بە ئاسانی جیای بكەینەوە.

جەلیل لامی، پسپۆڕی ئابووری دەڵێ، ئەگەر ئەم پارە ساختانە بە تەواوی بازاڕەكە بگرێتەوە، هەڵئاوسانی ئابووریی گەورە دروست دەكات و نرخی دیناری عێراقیش هێندەی تر نزم دەبێتەوە، ئەمە جگە لەوەی هاووڵاتیی عێراقی متمانەی بە دینار نامێنێت و هەوڵ دەدات مامەڵە بە پارەیەكی جێگرەوە بكات كە نزیكترین پارەی بەردەست دۆلاری ئەمەریكییە.

بەپێی زانیاریی ئەو سپۆڕە ئابوورییە، پارەكان لە دەرەوەی عێراقەوە بەرهەم هێنراون و لە بازاڕەكانی عێراقدا بڵاوی دەكەنەوە، بۆیە داوا لە حكوومەتی عێراق دەكات چی زووە ڕووبەڕووی ببێتەوە.

بەپێی مادەی 280 لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر كەسێك كاری ساختە بە پارەوە بكات، دەبێت بگیرێت، بەڵام لە مادەی 303ی هەمان یاسادا هاتووە، هەر كەس خۆی ددان بە تاوانەكەیدا بنێت، یاسا لێی خۆش دەبێت.


وشە - عەبدوڵا عومەر